هەڵبژاردەی تۆپی پێی هۆڵەندا، بڕیاریداوە ئەو کراسانەی کە یاریزانەکانی لەجامی جیهانی 2022ی قەتەر لەبەری دەکەن، مەزاد بکەن و داهاتەکەیشی بدرێتە کۆچبەران.
کۆمەڵەی تۆپی پێی هۆڵەندی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە مەزادێک بۆ فرۆشتنی کراسی یاریزانەکانی ئەنجام دەدا و، داهاتەکەشی بۆ پاراستنی مافەکانی کرێکارانی کۆچبەر خەرج دەکرێت.
فیدراسیۆنی هۆڵەندا ڕوونیکردەوە: “مەزادەکە دوای یەکەم فیکە بۆ هەریەک لە یارییەکانی جامی جیهانی هۆڵەندا دەست پێدەکات و تا دەستپێکردنی یاری داهاتوو بەردەوام دەبێت”.
قەتەر ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆتەوە لەسەر مامەڵەکردنی لەگەڵ کرێکارانی کۆچبەر و ژنان، گرووپی مافەکانی مرۆڤ گلەییان لە پێدانی کرێ و مافی کرێکارە کۆچبەرەکانی نێو قەتەر کردووە.
قەتەر بەتوندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و میدیاکانی ناوخۆییش ڕەخنەیان لە “خۆبەزلزانی” هەندێک لەوڵاتانی ڕۆژئاوا گرتووە.
ئەو کراسانەی یاریزانانی هۆڵەندی لەبەری دەکەن، بۆ یارییەکانی خولی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر پۆڵەندا و بەلجیکا لە مانگی ئەیلولدا بۆ مەزاد دانران و، زیاتر لە 50 هەزار یۆرۆیان بەرزکردۆتەوە بۆ پشتگیریکردنی کرێکارانی کۆچبەر لە قەتەر.