چوار هاوڵاتی دیکەی کورد شەهید کران

لە درێژەی تەقەکردنی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خەڵک، چوار هاوڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی، ئازاد حوسێن پوور، محەمەد ئەحمەدی گاگەش، مێهران ڕەحمانی و، کەمال ئەحمەدپوور لە مەهاباد شەهید کران.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، محەمەدی ئەحمەدی گاگەش، تەمەن ٤٣ ساڵ، دوای گەڕانەوەی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئازاد حوسێن پوور، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە تەقەی لێ دەکرێت و شەهید دەکرێت.

ئازاد حوسێن پوور، شەوی پێنجشەممە ٢٦ خەزەڵوەر، لە بەرخۆدانی خەڵکی مەهاباد، لە پشتەوە کەوتووەتە بەر دەستڕێژی هێزەکان و شەهید بووە.

لەلایەنی دیکەوە، کەمال ئەحمەدپوور، خەڵکی مەهاباد، شەوی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری، لەدوای برینداربوونی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان، لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی “خومەینی” ئەو شارە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، ناوبراو خێزاندار بووە و باوکی دوو منداڵە، تەرمی کەمال ئەحمەدپوور ئەمڕۆ شەممە، لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی مەهاباد بە خاک سپێردرا.

هەروەها، مێهران ڕەحمانی، خەڵکی مەهاباد، کە لە بەرخۆدانی خەڵکی ئەو شارە، شەوی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر بە سەختی بریندارکرابوو، ڕۆژی هەینی، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی “خومەینی” شاری ئورمیە گیانی لەدەستدا.

ڕەنگە بە دڵت بن