ئۆکرانیا دەڵێ دوێنێ شەممە، نزیکەی 60 سەربازی ڕوسیایان کوشتووە و، لە ماوەی چوار ڕۆژی رابردوودا زیانی قورسیان بە ڕوسیا گەیاندووە.
لەپۆستێکی فەیسبووکدا، دەستەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا نووسیویانە، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە زیانی گەورەمان بە هێزەکانی روسیا گەیاندووە.
ویلایەتە یەکگرتووەکان سیستمی موشەکی پێشکەوتووی بۆ کیێڤ دابین کردووە، کە توانای لێدانی ئامانجەکانی لە دووری 80 کیلۆمەتر هەیە.
ئۆکرانیا ڕۆژی چوارشەممە گوتی، ڕۆژی ڕابردوو نزیکەی 50 سەربازی ڕوسی کوژران و بریندار بوون، ئەوەش لە بۆردومانکردنێکیان بۆ سەر گوندی دەنیزنیکۆڤ، کە 70 کیلۆمەتر لە پشت هێڵەکانی پێشەوەی ناوچەی لوگانسکی ڕۆژهەڵاتە.
ڕۆژی شەممە، وەزارەتی بەرگری ڕوسیا کوشتنی زیاتر لە 120 سەربازی ئۆکرانی لە دۆنتسک ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگریدا، ئاماژە بە تێکشکانی دوو تانک و سێ ئوتۆمبێلی جەنگی زرێپۆش و حەوت ئوتۆمبێل کراوە.
سپۆتنیک بڵاویکردەوە، کە فڕۆکە و موشەک و تۆپخانەکانی ڕوسیا، 9 خاڵی چاودێری هێزەکانی ئۆکرانیایان کردۆتە ئامانج و، وێستگەیەکی ڕاداری دروستکراوی ئەمەریکایان تێکشکاندووە.
سوپای ڕوسیا هێرشی گرووپە تاکتیکییەکانی ئۆکرانیان لە ناوچەکانی بێرچۆتراڤنیڤۆی و کیسلۆڤکا و کراچمالنی هەرێمی خارکێڤ، بە ئاڕاستەی کۆبینسک پوچەڵکردۆتەوە.