ئەمەریکا لەسەر مهاباد هاتە دەنگ

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی لەسەر چڕبوونەوەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و، بە تایبەت لە شاری مەهاباد دەربڕی.

ئەنتۆنی بلینکن لە تویتێکدا ڕایگەیاند، “زۆر نیگەرانم لەوەی دەستەڵاتدارانی ئێرانی بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران ئەنجام دەدا، بە تایبەتی لە شاری مهاباد زیاتر بووە، ئێمە هێشتا لە هەوڵی لێپرسینەوە لەو کەسانەداین کە دەستیان لەم ڕووداوانەدا هەیە و، لە هەمانکاتدا بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی خەڵکی ئێران”.

ڕۆژی شەممە پاش پرسەی ماتەمینی دوو خۆپیشاندەر، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری مهاباد و ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا شەهیدکرابوون، بوو بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی سەرتاسەری و، تا شەو تەواوی شارەکە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کۆنترۆڵ کرا.

پاشان هێزێکی زۆر ڕەوانەی شارەکە کرا و شارەکە بە شێوەیەک بە کۆنترۆڵ کرا، کە بە پێی گرتە ڤیدیۆکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کودەتایەکی سەربازی دەچێت، وە خەڵكێکی زۆر لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا داوای هاوکاریان بۆ خەڵکی مهاباد کرد و، نیگەرانی ڕوودانی کۆمەڵکوژییان لە شارەکە ڕاگەیاند.

ڕەنگە بە دڵت بن