سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و وەزارەتی ئیتلاعات لە ١٠ ڕۆژی ڕابردووەوە بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی سەرکوتکردن لە شاری بۆکان، تاوانیان دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە بەشێوەیەک، کە بەدەیان کەس شەهیدکراون و برینداربوون و، ژمارەیەکی زۆریش دەستبەسەرکراون، یان ئاوارە بوون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی هەنگاو، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی ١٣ هاوڵاتی خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت شەهیدکراون و، زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە بەرخۆدانی ئەو شارە برینداربوون، کە دۆخی تەندروستی بەشێکیان مەترسیدار ڕاگەیەندراوە.
سوپای پاسداران، شەوی چوارشەممە لەڕێگای بڵندگۆی مزگەوتی گەڕەکەکانی مەجبورئاوا و میرئاوا ڕایگەیاندووە، کە لە کاتژمێر ٩ی شەو هەتا ٩ی بەیانی حکومەت نیزامییەو کەس مافی هاتووچۆ کردن و هاتنە دەرەوەی لە ماڵ نییە.
بنەماڵەی بەشێک لە گیان بەختکردوودان ڕایانگەیاندووە، کە هەر ئێستا تەرمی نزیک بە ١٠ کەس لە ساردخانەی نەخۆشخانەی قولی پووری بۆکان ڕاگیراون، کە ناوەندە حکومەتییەکان ڕێگری لە ناسینەوەی ئەو تەرمانە دەکەن و دوایین حاڵەت، سەعدی شاهرۆخی فەر بوو، کە دوای پێنج ڕۆژ بنەماڵەکەیان لە کوژرانی ناوبراو ئاگادار کردەوە.
بەگوێرەی هەواڵە پشتڕاستکراوەکان، بەسەدان کەس لە خەڵکی ئەو شارە یا ونبوون، یاخود بریندارن، کە بریندارەکان لە ترسی ڕفاندنیان لەلایەن هێزە حکومەتییەکان لە ماڵ و دەرەوەی ناوەندە دەرمانییەکان چارەسەر دەکرێن، زۆربەیان پێویستیان بە خوێن و نەشتەرگەرییە.
هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو هاوڵاتیانەی بێسەروشوێن بوون لەبەردەستدا نییە و، نازانرێت دەستبەسەرکراون، یاخود گیانیان لەدەستداوە، هەندێک ڕاپۆرتی دیکەی گەیشتوو بە هەنگاو، باس لە ناشتنی تەرمی کوژراوەکانی ناڕەزایەتییەکان بەبێ تۆمارکردنی ناو و ناسنامەیان دەکەن، کە هەتا ئێستا بۆ هەنگاو پشتڕاست نەبووەتەوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە حکومەتییەکان لە کاتژمێر ٢ هەتا ٥ی بەرەبەیان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاوڵاتییان، کە سەرەڕای زیانگەیاندن بە ماڵ، کەلوپەل و پێداویستی ناو ماڵەکان و پارە و زێو و تەنانەت مۆبایلی خەڵکیشیان دزیوە و، ئوتۆمبێلی هاوڵاتییانیان لەناو پارکینگی ماڵەکانیشدا شکاندووە.