فەرەنسا: چەند قاچاخچییەک سزا دران

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا دادگای بایۆنی فەرەنسا، پێنج کەسیان بە تۆمەتی قاچاخچێتی پەنابەرە نایاساییەکان لە فەرەنسا تۆمەتبار کرد، داواکاری گشتیش گومانی لە هەبوونی تۆڕێکی ڕێکخراو هەیە، بۆ قاچاخیکردن بە کۆچبەران لە پورتوگالەوە بۆ فەرەنسا.

دادگاکەی فەرەنسا ڕۆژی سێشەممە (22ی تشرینی دووەم)، دوو کەسی پاکستانی و هیندستانی بە تۆمەتی قاچاخچێتی کۆچبەران لە پورتوگالەوە بۆ فەرەنسا بە شەش مانگ زیندانی سزادا.

ئەو دوو کەسە، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لە شاری بایۆنی فەرەنسا، کە لە نزیک سنووری ئیسپانیایە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی گەڕاندا وەک بەشێک لە شەڕی دژی کۆچبەرانی نایاسایی دەستگیرکراون، کە پێنج پەنابەری نایاسایییان لە ئۆتۆمبێلێکدا گواستۆتەوە.

شۆفێری ئوتۆمبێلەکە کە هیندییەکی تەمەن 32 ساڵە و یاوەری 40 ساڵەکەی پاکستانی بووە، لەلایەن دادگای بایۆنەوە تۆمەتبار کرا بە ئاسانکاری بۆ چوونە ناوەوەی پەنابەرە نایاساییەکان بۆ فەرەنسا.

ئەو دووانە بە شەش مانگ زیندانی سزادراون و، بۆشیان نییە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بچنە ناو خاکی فەرەنساش.

دەستەڵاتداران وتیان، کە پێنج کۆچبەرەکەیان لە ئوتۆمبێلەکە وەستاندووە و، رێیان پێنەداون بچنە نێو خاکی فەرەنساوە.

تۆڕێکی قاچاخ لە پورتوگالەوە بۆ فەڕەنسا؟

ئەم حوکمە تەنیا ڕۆژێک دوای تاوانبارکردنی هاوشێوەی سێ کەسی دیکە هات، کە تۆمەتبارن بە قاچاخیکردنی کۆچبەران لە پرتوگالەوە بۆ فەرەنسا و، دادگای بایۆنیش سزای هەشت مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندن.

بۆ داواکاری گشتی، ئەو دوو حاڵەتە ئاماژە بە “تۆڕ” ی قاچاخچییەکانی نێوان پورتوگال و فەرەنسا دەکەن، لێکۆڵەرەوانی بواریش دووپاتیان کردەوە.

لە کاتێکدا دادگای بایۆن ڕەتی کردەوە کە قاچاخچییەکان سەر بە “چەتەیەکی ڕێکخراو” تاوانبار بکات، ئەوەش بەهۆی نەبوونی بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەم گریمانەیە، داواکاری گشتی هێشتا لە هەوڵی دۆزینەوەی بەڵگەی هەبوونی گەشتی قاچاخی تۆڕە لە پرتوگالەوە.

بەڵام پارێزەرانی بەرگری سوورن لەسەر ئەوەی کە هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ سەر چەتەیەکی ڕێکخراو و، داوا لە دەستەڵاتداران دەکەن کە تۆمەتبارەکان ئازاد بکەن.

ڕەنگە بە دڵت بن