ئێلۆن ماسک لە تویتەردا بووە هۆی ناڕەزایی لەگەڵ مارکە باڵاکان و بازاڕکەرەکان و، دابەشکردنی ڕیکلامی کۆمپانیاکەش کە ساڵانە 5 ملیار دۆلار بەدەست دەهێنێت، گورزێکی گەورەی لێدراوە و ئەمەش فشاری سەر ملیاردێری ئەمەریکی زیاد کردووە.
چەندین دەزگای ڕیکلام و مارکێتەکان بە فاینانشاڵ تایمزیان ڕاگەیاند، کە هەموو ئەو براندە گەورەیەی نوێنەرایەتی دەکەن، بەشێوەیەکی کاتی خەرجیان لە سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەستاندووە، ئەوەشیان بۆ بڕیارەکەی ماسک لە دەرکردنی خەڵکێکی زۆر لە تیمی فرۆشتنی ڕیکلام گەڕاندۆتەوە.
لە هەمانکاتدا، ماسک بە دوای ئەوەدا بوو کە بە تایبەتی پەیوەندی بە سی ئۆ ئێسی هەندێک لەو براندانەی کە ڕیکلامەکانیان لە تویتەر جیاکردۆتەوە بکات، ئەوەش بۆ سەرزەنشتکردنیان.
ئەو تێبینی کرد کە ئەم هەنگاوە هانی ئەوانی تر دەدا، کە خەرجیەکانیان کەم بکەنەوە بۆ کەمترین پێویستی، بۆ خۆلادان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بازرگانە ملیاردێرەکە.
بەگوێرەی چوار سەرچاوە، دوای چەندین شەپۆلی لەکار لادان و دەستلەکارکێشانەوە، تیمی ئادسی تویتەر ئەوەندە تێکچووە، کە زۆرێک لە ئاژانسەکان چیتر هیچ خاڵێکی پەیوەندیان لەگەڵ کۆمپانیاکەدا نەماوە، ئەوەش لەم چەند هەفتەیەی دواییدا هیچ پەیوەندیەکیان پێنەگەیشتووە.
سەرچاوەیەکی دیکە ڕوونی کردەوە، کە هەندێ لە براندەکان نەیانتوانیوە کاردانەوەیان سەبارەت بە ئەدای هەڵمەتەکانی پێشوو هەبێت، ئەوەش بەهۆی کەمی ستافی تویتەر.
یەکێ لە جێبەجێکارانی پلەبەرز لە ئاژانسێکی ڕاگەیاندن گوتی: “بێوێنەیە، پێشتر هیچ شتێک لەو قەبارەیە ڕووی نەداوە، لە ڕووی تێکدان و زیانەوە”.
ماسک لە ژێر فشاردایە بۆ ئەوەی لە تویتەرەوە داهاتێک دروست بکات، لەو شوێنەی کە ڕووبەڕووی 1 ملیار دۆلار دەبێتەوە لە پارەدانی سوودی ساڵانە، دوای بارکردنی کۆمپانیاکە بە قەرزی 13 ملیار دۆلار بۆ یارمەتیدانی پارەی دەست بەسەرداگرتنی.
لە 27ی تشرینی یەکەم، ئەو ڕۆژەی کە گرێبەستی 44 ملیار دۆلارەکەی کۆتایی پێ هێنا بۆ کڕینی تویتەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای تێسلا و سپێس ئێکس، بەدوای دڵنیاکردنەوەی بازاڕکەرەکان بوو، کە چیتر پلاتفۆرمەکە نابێتە شوێنێکی ئازاد بۆ هەمووان.