چەند گەورە بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر دەکرێن

پۆلیسی ئەوروپا (یۆرۆپۆل)، ئاشکرای کرد، بە هاوکاری نێودەوڵەتی کە ئیمارات تێیدا بەشدار بووە، بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەورەترین ڕێکخراوی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەوروپا، کە بە “سوپەر کارتێل” ناسراوبووە.

بەگوێرەی هەواڵی یۆرۆپۆل، ئۆپەراسیۆنێکیان دژی ئەو ڕێکخراوە تاوانبارە بە هاوکاری 6 وڵات ئەنجام داوە، لەوانە: ئیمارات، ئەمەریکا، فەرەنسا، بەلجیکا، ئیسپانیا و هۆڵەندا.

ئەو ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانە، بووە هۆی دەستگیرکردنی 49 گومانلێکراو و 6 سەرکردە، کە تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئەوروپایان بەڕێوەدەبرد.

سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە لوتکەی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانی نێوان شەش وڵات بوو، دوای ئەوەی مەترسیدارترین کارتێلەکانی دەرمان لە ئەوروپا ڕێکخراوێکی تاوانباریان پێکهێنا بە ناوی “سوپەر کارتێل”، کە نزیکەی سێیەکی بازرگانی کۆکاینیان لە ئەوروپا بەڕێوەدەبرد.

هێرشە هاوئاهەنگەکان لە ئەوروپا و ئیمارات بوون، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەکان تێوەگلانی گرووپەکەیان لە هاوردەکردنی کۆکاین بۆ ئەوروپا ئاشکرا کرد.

ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات، بەنوێنەرایەتی بارەگای گشتی پۆلیسی دوبەی بەشداری تێداکردووە، بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 30 تەن دەرمان.

هەماهەنگی نێوان یۆرۆپۆل و وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات، هەنگاوێکی گرینگی بەخۆوە بینی لەگەڵ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی پەیوەندی ئاسایشی، کە ڕێگە بە فەرمانبەرانی جێبەجێکردنی یاسای ئیمارات دەدا بنێردرێن بۆ بارەگای یۆرۆپۆل لە هۆڵەندا.

پێشتر ئەفسەرێکی پەیوەندی لە وەزارەتی ناوخۆی ئیماراتەوە نێردراوە بۆ کارکردن شانبەشانی 250 ئەفسەری یۆرۆپۆل، کە نوێنەرایەتی زیاتر لە 50 وڵات و ڕێکخراوی جێبەجێکردنی یاسا دەکەن .

ڕەنگە بە دڵت بن