سێ کۆچبەر بەشێوەیەکی سەیر خۆیان گەیاندە ئیسپانیا

بۆ ماوەی 11 ڕۆژ سێ کۆچبەر لەسەر ئاسنێکی بەشی پشتەوەی کەشتیەکی نەوت هەڵگر مابوونەوە، کە کەمتر لە دوو مەتر لە سەرووی زەریاکەوە بووە، گەشتەکەیان لە نایجیریاوە بۆ دوورگەکانی کاناری، دوای گەیشتنیان بە ئیسپانیا، خرانە ژێر چاودێری پزیشکی چارەسەری پێویستیان وەرگرت.

پاسەوانی کەناری ئیسپانیا سێ کۆچبەریان ڕزگارکرد، کە خۆیان لەسەر پارچە ئاسنێکی بەشی پشتەوەی کەشتییەکی بارهەڵگر حەشاردابوو.

لەوێنەیەکدا کە پاسەوانی کەنارەکە لە تویتەر بڵاویکردەوە، سێ کۆچبەرەکە لەسەر کەشتی ئەلێسینی 2 بوون، کە نەوت و ماددەی کیمیایی دەگوازێتەوە.

پاسەوانی کەنارەکە لە تویتەر ڕایگەیاند کە ئەو سێ کۆچبەرە بردراون بۆ بەندەرەکە و، دوای ئەوەی تووشی وشکبوونەوە و کەم بوونەوەی خوێن بوون، چاودێری تەندروستیان وەرگرتووە.

دەبێت دەستبەجێ بنێردرێنەوە وڵاتی خۆیان

وتەبێژی پۆلیس بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، کە پێویستە هەرچی زووە ئەو سێ کۆچبەرە بگەڕێندرێنەوە وڵاتی خۆیان، بە وتەی هەمان وتەبێژ ئەرکی کارپێکەری کەشتییەکەیە کە گرینگی بە کۆچبەرە نایاساییەکان بدات و، شوێنی نیشتەجێبوونی کاتییان بۆ دابین بکات و، بە زووترین کات بیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

هێلینا مالینۆ، بەڕێوەبەری کامیناندۆ فرانتراس، کە کۆمەڵەیەکە بۆ بەرگری لە کۆچبەران، وتی: لەگەڵ ئەوەشدا، دەتوانن ڕێگە بە کۆچبەران بدرێت لە ئیسپانیا بمێننەوە ئەگەر لەوێ داوای پەنابەری بکەن، وتیشی: “لە چەند بۆنەی ڕابردوودا کۆچبەرە نایاساییەکان توانیویانە لە ئیسپانیا بمێننەوە بۆ ئەوەی داوای پەنابەرێتی سیاسی بکەن”.

تێگزیما سانتانا، ڕۆژنامەنووس و ڕاوێژکاری کۆچبەرانی حکومەتی دوورگەکانی کاناری لە تویتەر نووسیویەتی: “ئەوە یەکەمجار نییە و دواجاریش نابێت ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵ دەدەن بەشێوەیەکی سەرسختانە گەشت بکەن، هەمیشە هەمان بەختیان نییە”.

جێی ئاماژەیە، ساڵانە بە هەزاران کۆچبەر بەجۆرەها شێوەی سەرسەختانە هەوڵ دەدەن بگەنە دوورگەکانی کەناری ئیسپانیا، بەڵام دەمرن.

ڕەنگە بە دڵت بن