دوای ئەوەی لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بڕیاری فەرمی دەرکرا، حاڵەتی ترس بۆ شەقامی لیبیا بڵاوبووەتەوە، ئەوەش بە پشتڕاستکردنەوەی هەبوونی ماددەی شێرپەنجە لە نان و شیرینیدا.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئەلعەرەبیە، بڕیاری بریکاری گشتی لیبیا بۆ داخستنی ژمارەیەک لە نانەواخانە و مەیخانە و دوکانی شیرینی و دادگاییکردنی خاوەنەکانیان دەرچووە، ئەوەش لەسەر بەکارهێنانی مادەی شێرپەنجەیی “برۆماتی پۆتاسیۆم” لە نان و شیرینی و فرۆشتنیان لە بازاڕدا.
جەختیشیکردەوە کە سەرجەمی ئەو کارگە و نانەواخانە و دوکانانەی کە ماددەی قەدەغەکراویان تێدا دۆزراوەتەوە و دەهێنرێتە ناو وڵات، دادەخرێت و ئەوانەی بەرپرسن لێی، دادگای دەکرێن.
ئەم کەیسە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئابی ڕابردوو، کاتێک راپۆرتێکی سەنتەری پێشکەوتووی لیبیا بۆ شیکردنەوەی کیمیایی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکرای کرد، کە چەندین نانەواخانە و ئاش لە تەرابلوسی پایتەخت و شاری تۆبروک “برۆماتی پۆتاسیۆم”یان بەکارهێناوە، کە قەدەغەکراوە.
جێگای سەرنجە کە زۆرێک لە وڵاتان بە لیبیاوە بەکارهێنانی “برۆماتی پۆتاسیۆم” قەدەغە دەکەن، بەهۆی کاریگەرییە تەندروستییە زیانبەخشەکانی و مادەی شێرپەنجەی تێدایە و بەکارهێنەرانی سزا دەدرێن.
بوونی “برۆماتی پۆتاسیۆم” لەنێو ئارد و نانی بازرگانی لە بازاڕەکانی لیبیادا، کە لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەرزبووەوە، بۆتە جێی ترسی جەماوەری و، داوا دەکرێت هەستن بە کشاندنەوەی هەموو ئاردەکان لە بازاڕەکان.