هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی ١٧ هاوڵاتی شاری بۆکانی ڕفاندون و دەستبەسەری کردوون.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٨ی سەرماوەز ٢٧٢٢، لاوێکی خەڵکی شاری پاوە بە ناوی ئارمین عەزیزی تەمەن ٢٢ ساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە لەو شارە ڕفێندراوە.
هەروەها ڕۆژی هەینی، ٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢۵ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، ئەدیب مەنووچێهری، تەمەن ٢۶ ساڵ و شایان ئینفرادی، لەلایەن هێزە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری پاوە ڕفێندراون، هەر لەو ڕۆژەدا دوو برا بە ناوەکانی پەیمان دەربەندی و پێدرام دەربەندی، ڕفێندراون.
هاوکات ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر، دوو برای دیکە بە ناوەکانی پەیمان غوڵامی و سەیوان غوڵامی و، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی هەمان مانگ، هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئاسۆ مورادیان دەستبەسەر کراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە، ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەر، سەلام شەمسەدینی، پێشەوا دروودگەر تەمەن ٢٤ ساڵ، دوو برا بە ناوەکانی ئاژوان سادقی و ئاسۆ سادقی کە هەردووکیان تەمەنیان ١٩ ساڵ بووە، هەروەها پوویا ڕەحمانی، ئالان ڕەحیمی و ئاروین حوسێنی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیێ ئیران لە شاری پاوە ڕفێندراون.
بە وتەی سەرچاوەکان، سەلام شەمسەدینی، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی شاری پاوە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لێکراوە، بەڵام لەسەر شوێنی ڕاگیرانی ١٢ هاوڵاتی لەو ڕفێندراوانە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.