بەریتانیا: قاچاخچییەکی کورد بە تۆمەتی هۆکاری خنکانی ٢٧ کۆچبەر دەستگیر دەکرێت

لێکۆڵینەوە لە تراژیدیای خنکانی 27 کۆچبەر، کە ساڵی پار روویدا، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا دەستگیرکردنی کەسێکیان ڕاگەیاند، کە گومان دەکرێت قاچاخچی بێت و، ڕۆڵی سەرەکی هەبێت لە ڕێکخستنی ئەو گەشتە لە کەنارەکانی فەرەنساوە بۆ بەریتانیا.

دوای ساڵێک لە نقومبوونی ئەو بەلەمەی تێیدا 27 کۆچبەر خنکان، پۆلیسی بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە، رێککەوتی 29ی نۆڤەمبەر، کەسێکیان بە تۆمەتی قاچاخچی و ڕێکخستنی گەشتی بەلەمەکە دەستگیرکرد.

ئەو کۆچبەرانە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە بەرەو کەناری بەریتانیا بە بەلەمێکی لاستیکی بەڕێکەوتبوون، بەڵام بەر لە گەیشتن بە ئامانجەکەیان، ئاو کەوتنە ناو بەلەمەکەوە و لە کۆتاییدا بووە هۆی نقومبوونیان و مردنی 27 کۆچبەر، کە تەمەنیان لەنێوان 7 بۆ 49 ساڵدا بوون، بریتی بوون لە 17 کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا دوو کۆچبەر کە کوردێکی باشوور و سودانی بوون، ڕزگارکران.

پۆلیسی بەریتانیا ڕایگەیاند، دەستگیرکراوەکە تەمەنی 32 ساڵە و ناوی هەرێم ئەحمەد ئەبوبەکرە، لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەستگیرکراوە.

خزمەتگوزاری لێکۆڵینەوەی نیشتمانی ڕایگەیاند، کە دەستگیرکراوەکە ڕۆژی چوارشەممە 30ی تشرینی دووەم، لە دادگای دادوەری وێستمینستەر دەردەکەوێت، کە ئامادەکارییەکان بۆ گواستنەوەی بۆ فەرەنساش دەست پێدەکات و، لەوێش ڕووبەڕووی دادگایەکی دیکە دەبێتەوە بە تۆمەتی کوشتن و قاچاخچێتی.

ڕەنگە بە دڵت بن