هاوشێوەی شارەکانی دیکەی کوردستان، بەردەوام سنە لەژێر گوشاری هێز و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و، لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ڕۆژدا، نزیکەی ٢٢ هاوڵاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراون، یا ڕفێندراون.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، ٣ هاوڵاتی شاری سنە، بە ناوەکانی کاوە حوسێن پەناهی، فواد حوسێنی و پەرویز ئەمانی، لەلایەن هێزە جێگیرکراوەکان ڕفێندراون.
لە درێژەی ئەم سەرکوتانەدا ڕۆژی یەکشەممە، ۶ی سەرماوەز (٢٧ی نۆڤەمبەر)، زانیار عەلیمورادی، پزیشکی ددان و، برایەکی ناوبراو بە ناوی ڕامیار عەلیمورادی، خەڵکی گوندی “نەنەڵە”ی شاری سنە، هەروەها یەزدان کەرەمی، تەمەن ٣۶ ساڵ و مەهیار مورادوەیسی، تەمەن ٢٩ ساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ڕفێندراون.
هەروەها، ڕۆژی شەممە، ۵ی سەرماوەز (٢۶ی نۆڤەمبەر)، بیژەن ڕۆستەمی لە فرۆشگاکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە، هەر لەو ڕۆژەدا چەند هاوڵاتییەکی دیکە، بە ناوەکانی ئەسعەد مورادی، دانیشتووی گەڕەکی “عەباسئاوا”ی شاری سنە، ئارمین سەلیمی و دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی سیامەک و بابەک، ڕفێندراون.
پێشتریش لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەز (٢٣ی نۆڤەمبەر)، سیامەک مینبەری، خەڵکی گوندی “نییەر”ی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە.
لەناو ئەو کەسانەدا شەوگەرد گوڵابی، چالاکوانی بوارە کۆمەڵایەتییەکان، کە پێشتر لەلایەن ناوەندەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی سێشەممە، ١ی سەرماوەز (٢٢ی نۆڤەمبەر) بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەر لەو ڕۆژەدا ئاکۆ هیدایەتی، نووسەر و چالاکوانی بوارە کۆمەڵایەتییەکان، دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەر لە درێژەی ڕەوتی سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەری (٢٠ی نۆڤەمبەر)، فەریبورز سوورسووری، تەمەن ۵١ ساڵ و چالاکوانی ژینگەپارێز، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزەکانەوە دەستبەسەر کراوە، بۆ ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازراوەتەوە.
هەروەها ڕۆژی شەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر (١٩ی نۆڤەمبەر)، دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی فەرزاد سەڵواتی و سینا مەلایی ڕفێندراون، هەروەها هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی هێمن حاجی میرزایی، ئەندامی تیمی “فریاکەوتنی خێرا”ی مانگی سووری کوردستان، بەشێوەیەکی دڕندانە و لێدان، لەلایەن هێزە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە ڕفێندراوە.