خوێندکاری کورد بە ناوی سەید پووریا نەحوی، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری تاران، بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی کە بە “دادوەری مەرگ” ناوبانگی دەرکردووە، بە تۆمەتی “ئەمنییەتی” سزای ۵ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەید پوریا نەحوی، خوێندکاری کورد و خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن لقی ١۵ی دادگای شۆڕشی شاری تاران، بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی، بە ۵ ساڵ بەندکردن سزا درا.
ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری تاران دراونەتە پاڵ ئەو خوێندکارە کوردە، بەمشێوەیە: “پێکهێنانی گرووپ دژی ئاسایش و تەناهی وڵات و تێکدانی ئاسایشی گشتی و بەشداریی کۆبوونەوە نایاسایییەکان”.
سەید پووریا نەحوی، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری تاران، ڕۆژی شەممە، ١۶ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
ئەو خوێندکارە کوردە، پاش ئەوەی کە بەشێوەیەکی دڕندانە و بە لێدان دەستبەسەر کراوە، بۆ گرتووخانەی گەورەی (فشافویە) گوازراوەتەوە.
جێی باسە، ناوبراو تا ئێستا لەو گرتووخانەیەدایە و، لەو ماوەیەشدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەش کراوە.