چەند قوتابییەک و چالاکوانێک سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا

دەستەی سەربازی فەرمانڕەوای بۆرما سزای سێدارەی بەسەر حەوت قوتابیدا سەپاندووە، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی لەو وڵاتەدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، گەیشتە 139 کەس، سزا نوێیەکان لە دوای لەسێدارەدانی چوار کەس لە مانگی تەموزدا دێن، کە پەرلەمانتاری پێشووی ڤیو زیا تاو و، چالاکوانی دیموکراسی کیاو مین ئیو لە سێدارە دران.

ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە دادگایەکی سەربازی بۆرما، لە دانیشتنێکی داخراودا سزای لەسێدارەدانی بەسەر حەوت قوتابی سەپاندووە.

ڤۆلکەر تورک، ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئەی سی ئێن ئەی کرد بۆ هەوڵدانی گەڕاندنەوەی ئاشتی لە بۆرما و، وتی: “بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ تێکشکاندنی ناڕەزاییەکان لەلایەن سوپاوە بەردەوامە”.

ئاژانسی فرانس پرێس هەوڵیدا لە دەرەوەی بورما لێدوانێک لە وتەبێژی سوپای دەستەڵاتدارەوە بەدەست بهێنێت، بەڵام هیچ سوودێکی نەبووە.

میدیاکانی ناوخۆ بڵاویان کردەوە کە ئەو خوێندکارانەی لە ڕانگوون نیشتەجێن، لە مانگی نیساندا دەستگیرکراون و تۆمەتبارکراون بە تەقەکردن لە بانکێک.

لە راگەیەندراوێکدا، یەکێتی خوێندکارانی زانکۆی داگۆن دەڵێت: “سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر خوێندکاراندا کارێکی تۆڵەسەندنەوەیە لەلایەن سوپاوە”.

نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە لێکۆڵینەوە لەو ڕاپۆرتانە دەکات، کە ڕۆژی پێنجشەممە، چوار گەنجی چالاکوانی دیکە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

تورک، وتیشی: “سوپا بەردەوامە لە ڕێکخستنەکانی دادگا نهێنیەکان”

ئەوەشی خستەڕوو کە دانیشتنەکانی ئەم دادگا نهێنیانە، هەندێجار تەنیا چەند خولەکێک دەخایەنێت و، زۆرجار تۆمەتبارەکان هیچ دەستگەیشتنێکیان بە پارێزەرێک، یا خێزانەکانیان نییە.

گرووپێکی چاودێری ناوخۆ دەڵێت، نزیکەی 2280 هاوڵاتی کوژراون و، 11637 هاوڵاتیش وەک بەشێک لە هەڵمەتەکانی سوپا دەستگیرکراون.

جێی باسە، لە دوای ڕووخاندنی حکومەتی مەدەنی ئەونگ سان سوو کی لە بۆرما، دوای کودەتایەکی سەربازی لە شوباتی 2021وە، ئەو وڵاتە لە نێو ئاژاوەدایە.

ڕەنگە بە دڵت بن