ئەم وڵاتە ڕێکارەکانی یەکلاکردنەوەی مافی پەنابەرێتی خێرا دەکات

پەرلەمانی ئەڵمانیا یاسایەکی بۆ خێراکردنی ڕێککارەکانی پەنابەری دەرکرد، یاساکە بە دەنگی جێگرانی هاوپەیمانی دەستەڵاتدار دەرچوو، کە بریتین لە سۆسیال دیموکراتەکان و سەوزەکان و پارتی دیموکراتی ئازاد، لە کاتێکدا هاوپەیمانی مەسیحی و پارتی چەپ و ڕاستڕەوی ئەڵمانیا دژی ئەو پڕۆژە یاسایە بوون،.

بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، پێداچوونەوەی خولیی لەلایەن نووسینگەی فیدراڵی کۆچ و کۆچبەران هەڵدەوەشێنرێتەوە، پێشتر دوای ماوەیەکی دیاریکراو لە بڕیاری پەنابەری، ئۆفیس بەشێوەیەکی ئوتۆماتیکی پشکنینی دەکرد، کە ئایا زەمینەیەک هەیە بۆ سەندنەوە، یا کشانەوەی مافی پەنابەری

هەروەها پلان بۆ ئەوە دانراوە کە ماوەی ئەنجامدانی لێۆکۆڵینەوە لە پێدانی مافی پەنابەری لە دادگا ئیدارییەکان کەم بکرێتەوە، کە بەپێی داتاکانی حکومەت، لە ئێستادا بە تێکڕایی 26.6 مانگ دەخایەنێت بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسی پەنابەرێک.

جێی باسە، بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، 135,603 کەیسی پەنابەری هەیە و تا ئێستا یەکلانەکراونەتەوە.

ڕەنگە بە دڵت بن