محەمەد جەواهری، خوێندکار و خەڵکی سەردەشت، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی زانکۆی تاران، سزای ٤ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی لەلایەن دەزگای بەناو دادوەری بەسەردا سەپێندرا.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەمەد جەواهری تەمەن ٢٧ ساڵ و خوێندکاری کارناسی باڵای توێژینەوەی لاوانی زانکۆی تاران، لەلایەن لقی ٢٦ی بە ناو دادگای شۆڕشی تاران و بە سەرۆکایەتی دادوەر نیما ئەفشاری، بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و تبانی” سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و، هەروەها بە تۆمەتی “تێکدانی کۆمەڵگا” سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها، بەگوێرەی بڕیاری دادگا، ئەو خوێندکارە بۆ دوو ساڵ مافی چوونەدەرەوەی لە وڵات و ئەندامبوونی لە گرووپ و ڕێکخراوەکانی لێ زەوت کراوە، بە لەبەرچاوگرتنی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زۆرترین سزا واتە ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.
محەمەد جەواهری، ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، دوای هاتنەدەرەوەی لە بەشی ناوخۆیی زانکۆی تاران و، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ شاری سەردەشت، لە تێرمیناڵی “مسافربری غرب”، لەلایەن هێزەکان دەستگیرکراوە.
ئەو هاوڵاتییەی خەڵکی سەردەشت، دوای تێپەڕدنی ٢١ ڕۆژ بەندکران، لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.
لە ئێستاشدا، بەشی پاراستنی زانکۆی تاران (حراست)، کە لە پرۆسەی دەستبەسەرکردنی محەمەد جەواهری هاوکاری هێزەکانی کردبوو، ناوبراوی لە چوونە ناو زانکۆ هەڵسپاردووە.
بەوتەی سەرچاوەکان، بنەماڵەی محەمەد جەواهری لە دۆخێکی دژواردان و، باوکی بەهۆی گوشاری دەروونی زۆر لەدوای زانینی سزا قورسە سەپێندراوەکان بەسەر کوڕەکەیدا، تووشی جەڵتەی مێشک بووە و، لەدوای ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەک لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، توانای ئاخاوتنی لەدەستداوە.
mohammad-javaheri.jpg