چارەنووسی چەندنین هاوڵاتی نادیارن
لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا، نزیکەی ٢٤ هاوڵاتی شاری دێولان دەستبەسەر، یا ڕفێندراون و، هەتا ئێستا چارەنووس و دۆخی تەندروستییان دیار نییە.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) نەوید سوڵتانی تەمەن ١٩ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێران و، لە شاری دێولان ڕفێندراوە.
٢٤کاتژمێر پێش ئەوە و لە ڕۆژی سێشەممە، ٨ی سەرماوەز، زانا ئەحمەدی، کوڕی ساڵح ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی سەرماوەز، سۆران حوسێن پەناهی، خەڵکی گوندی قروچیای سەر بە شاری دێولان، دوای دەستبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
لە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، چیاکۆ محەممەدی، دانیشتووی شاری دێولان، بەشێوەیەکی دڕندانە و بەبەکارهێنانی لێدان لەپێش چاوی دایک و باوکی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکان ڕفێندراوە، هەر لە هەمان ڕۆژدا، هێزەکان دوو هاوڵاتی دیکەیان بە ناوەکانی، فەرید ڕۆستەمی، خەڵک گوندی قروچیا و، ئەنوەر شاکر خەڵکی گوندی “سیس” ڕفاند.
شەپۆلی سەرکوتی هاوڵاتییان لە ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەر، بە ڕفاندنی دوو هاوڵاتی دیکە بە ناوەکانی، شەهرام مەنسووری و عەلی جوانمەردی لە شاری دێولان بەردەوامبوو.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر، سەرەڕای ڕفاندنی منداڵێک بەناوی محەمەد حوسێن پەناهی، ئەرسەلان حوسێن پەناهی کوڕی محەمەد ئەمین، ئەرسەلان حوسێن پەناهی، کوڕی ئەحمەد، سیامەک حوسێن پەناهی، بێهزاد حوسێن پەناهی و، عەلی حوسێن پەناهی، کە سەرجەمیان خەڵکی گوندی قروچیانن، دەستبەسەرکراون.
بەوتەی سەرچاوەکان، لە شاری دێولان، ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر، ژمارەیەکی دیکەی هاوڵاتی خەڵکی گوندی قروچیا بە ناوەکانی، سامان خالدیان، سەنعان حوسێن پەناهی، بێهزاد حوسێن پەناهی و، عەلی محەمەد حوسێن پەناهی و، هەروەها ئەنسار ڕەحیمی دانیشتووی شاری دێولان، لەلایەن هێزەکانەوە ڕفێندراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، فەردین حەمیدی، یاسین فەتحی، کامەران فەتحی، ئومێد براخاسی و، محەمەدی قادری، هاوڵاتییانی خەڵکی دێولان، دەستبەسەرکراون و هەتا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.
dehgolan.jpg