بە ڤیدیۆ: وتاری ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان

وتاری بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-سویسرا سەیران کاکەوڵا کەریم، لە کۆڕبەندی نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێفی وڵاتی سویسرا بە کوردی:

بەڕێزان، بەشداربووانی کۆڕی نەتەوە و کەمینەکان

مێژووی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، پڕە لە کۆمەڵکوژی، یا جینۆساید لە هەر چوارپارچەی کوردستان، لە ماوەی سەدەی بیستەمدا سەدان هەزار و تەنانەت ملیۆنان کورد کوژران و ئاوارە بوون، ئەم سیاسەتە تا ئەمڕۆ لە چوارپارچەی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

لە عێراقدا بە درێژایی ڕژێمی پێشووی بەعس و حوکمی سەدام حوسێن، کورد بەدرێژایی دەیان ساڵە قوربانی سیاسەتە ڕەگەزپەرستەکانی ڕژێم بووە، هەر لە خانەقینەوە تا زاخۆ کۆمەڵکوژی و ئەنفال و چەکی کیمیایی و ئاوارەکردن لە دژی کورد ئەنجام دراوە.

لە 31ی تەموزی 1983دا کۆمەڵکوژی داڕێژراوی گەلی کورد لە عێراق دەستیپێکرد و، هەتا ساڵی 1989 درێژەی کێشا.

لە سەردەمی دەستەڵاتی سەدام حوسێندا، کورد بەشێوەیەکی سیستماتیک دەچەوسێنرایەوە، هەندێ لە وڵاتان هەڵمەتی سەربازی ئەنفالیان دژی کوردستان لە عێراق و لەنێوان ساڵانی 1986 و 1989 بە جینۆساید ناوبرد.

 مەزەندە دەکرێت 182 هەزار کورد لە هەڵمەتەکانی ئەنفالی حیزبی بەعس لەناوچە کوردییەکاندا کوژراون و بێسەروشوێنکراون، ڕووداوێکی تایبەتی ناسراو ئەوەبوو کە لەساڵی 1988 شارۆچکەی هەڵەبجە، بەهۆی رژاندنی ژەهری کیمیاییەوە، پێنج هەزار کەس کوژران و، نزیکەی 10 هەزار کوردیش بریندار بوون، لە سایەی ڕژێمی پێشووی بەعسدا، کوردانی فەیلیش ڕووبەڕووی پەراوێزخستنی سیستماتیک و هەڵاواردنی ئامانجدار بوون لەلایەن دەوڵەتەوە، نزیکەی 300 هەزار کوردی فەیلی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دیپۆرتی ئێران کرانەوە.

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراقی لەساڵی 2003، دەستوورێکی نوێ کە پێکهاتبوو لەپرەنسیپەکانی فیدرالیزم و پلۆرالیزم و دیموکراسی، لەساڵی 2005 و لەڕێگەی ڕیفراندۆمێکی جەماوەرییەوە دەرکرا، پێشەکی ئەم دەستوورە (2005) ڕەنگدانەوەی مێژووی دوورودرێژی کۆمەڵگای عێراقە و ڕێز لە مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەگرێت و، دیموکراسی بەرز دەکاتەوە و، هەموو پێکهاتە دیمۆگرافییەکانی عێراق بەبێ جیاوازی دەپارێزێت، ماددەی 125ی دەستووری نوێ، لەماددەکەدا هاتووە کە ئەم دەستوورە زامنی مافە ئیداری و سیاسی و ڕۆشنبیری و پەروەردەییەکانی نەتەوە جیاوازەکانی وەک، تورکمان و کلدانی و ئاشووری و هەموو پێکهاتەکانی دیکە دەکات و، ئەمەش بەیاسا ڕێکدەخرێت.

لەلایەکی دیکەوە لەدوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر کەمایەتییەکان لەساڵی 2014 و، بەمەبەستی پاراستنی پێکهاتەکان لە هێرشی زیاتری جیاکاری، پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەساڵی 2015 یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکانی لە کوردستان دانا، بەندەکانی ئەو یاسایە گوزارشت لە بەندەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لەسەر مافی کەمینەکان و، بڕیاری ئەنجومەنی گشتی مادەی (1)، کە داوا لە دەوڵەتەکان دەکات، ڕێوشوێنی یاسایی و گونجاو تر بۆ پاراستنی بوون و هاوڵاتی، یا شوناسی ئەتنیکی و کەلتووری و ئایینی و زمان بگرنەبەر.

سەرەڕای گرتنەبەری دەستوورێکی نوێ، کەمینەکان هەست بە لاواز بوون دەکەن لە ناو وڵاتدا، سەرهەڵدانی داعش لەساڵی 2014دا، جارێکی دیکە وای لە کەمینەکان کرد، کە چەندین پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤیان بەرامبەر کراوە و، بە زۆر ئاوارە دەکرێن، لێرەدا دەمەوێت سەرنجتان بۆ ئەوە ڕابکێشم، کە بارودۆخی کەمینەکان تا ئەمڕۆش بە مەترسی ناجێگیر و هەڕەشەی هەمیشەیی لە عێراقدا ماوەتەوە.

بەشداربووانی بەڕێز لەم کۆڕەدا، پێویستە چاو بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئایدیۆلۆژیای توندڕەودا بخشێنینەوە و ڕۆحی تۆڵەسەندنەوە کە بێ جیاوازی لە سەقامگیری هەموو پێکهاتەکان ڕەنگی داوەتەوە، نەهێڵین و، جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە قبوڵکردنی یەکتر تاکە ڕێگایە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز.

ڕەنگە بە دڵت بن