شەش منداڵ دەڕفێندرێن

شەش منداڵ لە شارەکانی سنە و مەریوان و کەڵاتەرزانی سەر بە شاری سەوڵاوا بە ناوەکانی، ئاڵا دەستی، پێشەوا ئەحمەدی، کارۆ فەتحی، قانع لوتفی، کاروان محەمەدی و ئەشکان دووستی، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)، دوو مێرمنداڵ بە ناوەکانی قانع لوتفی و کاروان محەمەدی خەڵکی گوندی دادانە کەمانگەر، کە هەردووکیان تەمەنیان ١٧ ساڵە، لەلایەن هێزە جێگیرکراوەکانەوە لە شاری سنە ڕفێندراون.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، ئاڵا دەستی، تەمەن ١۵ ساڵ لە گۆڕەپانی ئێقباڵ (ئازادی)ی شاری سنە، ڕفێندراوە.

هەر لە درێژەی ڕەوتی ڕفاندنی منداڵانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە شاری مەریوان ڕۆژی دووشەممە، ٧ی سەرماوەز، ئەشکان دووستی، تەمەن ١٧ ساڵ، لەسەر کارەکەی لەلایەن هێزەکانەوە ڕفێندراوە و، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، ۶ی سەرماوەز، کارۆ فەتحی و ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەز، پێشەوا ئەحمەدی، کە هەردووکیان تەمەنیان ١٧ ساڵە و خەڵکی گوندی نگڵی ناوچەی کەڵاتەرزانی سەر بە شاری سەوڵاوان، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزەکانەوە ڕفێندراون، بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو ٦ مێرمنداڵە ناڕوونە و، بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەوبارەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.

ڕەنگە بە دڵت بن