سوهەیلا موتاعی خەڵکی شاری دێولان، کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دوو جار دەستگیرکرابوو، لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی شاری دێولان، چەندین تۆمەتی ئەمنی خرایە پاڵ و، بەگشتی سزای ٦٠ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سوهەیلا موتاعی، بەشێوەیەکی ڤیدیۆکۆنفرانس و لە دادگایەکی فۆرماڵیتە و چەند خولەکیدا، چەندین تۆمەتی بەسەردا سەپاوە، کە هەر کام لەو تۆمەتانە سزای تایبەتیان بۆ دیاری کراوە و، تۆمەت و سزاکانیان بریتین لە؛ تێکدانی ئاسایشی گشتی ١٨ مانگ بەندکردن، چالاکی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی ١۵ مانگ بەندکردن، شێواندان و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی ١٣ مانگ بەندکردن، هەوڵدان بە دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ۵ مانگ بەندکردن و، چالاکی بۆ حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ٩ مانگ بەندکران.
بەگوێرەی بڕیارێک کە لەلایەن دادگای شۆڕشی حکومەت لە شاری دێولان دەرچووە و، بە پشتبەستن بە یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە ١٨ مانگ بەندکران بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.