دوای ئەوەی دەستەی سوێندخۆران پێکدێن، ئەمڕۆ دووشەممە لە برۆکسل دەست بە ئەنجامدانی ڕێککاری دادگایی 10 کەسی بەشدار لە تەقینەوە خۆکوژییەکانی برۆکسلی ساڵی 2016 دەکرێت، کە دەیان کوژراو و سەدان برینداریان لێکەوتەوە، وابڕیارە دادوەر لاورنس ماسارت سەرۆکی دادگا، هەموو لایەنەکانی دۆسیەکە دەستنیشان بکات.
لە گەورەترین دادگاییکردنیدا بۆ ئەوەی بزانیت کە ئایا ئەو 10 کەسە دەستیان هەبووە لە تەقینەوە خۆکوژییەکانی تیرۆریستانی ئیسلامی لە برۆکسل، کە بووە هۆی کوژرانی 32 کەس و، زیاتر لە 300 کەسیش بریندار بوون.
دوای زیاتر لە شەش ساڵ لە هێرشەکان، دادوەر لاورنس ماسارت سەرۆکی دادگا، ئەمڕۆ دووشەممە، ناسنامەی هەموو لایەنەکانی دۆسیەکە دیاری دەکات، پاشان ماسارت لەبەردەم دەستەی سوێندخۆران قسە دەکات.
دوو تەقینەوەی فڕۆکەخانەی برۆکسل و، سێیەمین بۆمب لە میترۆی شارەکە، لە رێککەوتی 22ی ئازاری 2016دا، بووە هۆی کوژرانی 15 پیاو و 17 ژنی نەتەوەی جۆراوجۆر، کە زۆربەیان نیشتەجێی برۆکسل بوون.
نۆ لەو دە تیرۆریستە ڕووبەڕووی چەندین تاوانی کوشتن و هەوڵدان بۆ کوشتن دەبنەوە لە چوارچێوەیەکی تیرۆریستیدا، ئەگەری ئەوە هەیە سزای هەتاهەتایی وەربگرن، هەمووشیان تۆمەتبارکراون بە بەشداریکردن لە چالاکییەکانی گرووپێکی تیرۆریستیدا، پێشبینی دەکرێت داواکاری گشتی دەست بە خوێندنەوەی تۆمەتی 486 لاپەڕەیی بکات.
پێشبینی دەکرێت دادگاییکردنەکە لە بارەگای پێشووی ناتۆ حەوت مانگ بخایەنێت و، بەلایەنی کەمەوە 35 ملیۆن یۆرۆ تێچووەکەی دەبێت.