سوید مافی پەنابەرێتی دەداتە ئەم چین و توێژانەی وڵاتێک

تەلەفزیۆنی 4ی سویدی بڵاویکردەوە، کە فەرمانگەی کۆچی سوید، بەهۆی خراپی بارودۆخی ژنان و کچان لە ئەفغانستان دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی کرد، دیپۆرتکردنەوەی ژنانی بۆ ئەفغانستانی ڕاگرت و مافی مانەوەیان پێ دەبەخشێت.

کارل پیکسڵیوس، بەڕێوەبەری یاسایی دەستەڵات، وتی: ئەمە مانای ئەوەیە ئێستا گەیشتووینەتە بارودۆخێک، کە سنووردارکردنی مافەکانی ژنان و کچان تا ڕادەی چەوساندنەوە، لە ئەفغانستان جدییە.

بە وتەی ئەو، هەموو ئافرەت و کچانی ئەفغانی کە داوای مافی نیشتەجێبوون لەسوید دەکەن، وەری دەگرن.

هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە، کە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و نوێنەرانی ڕژێمی پێشوو لە ئەفغانستان، بێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، مافی مانەوە وەردەگرن.

بەمشێوەیە، خەڵکی ئەفغانستان کە داواکارییەکەیان ڕەتکراوەتەوە، لەوانەیە بەو بڕیارە نوێیە مافی پەنابەرێتی وەربگرن.

کارل پیکسڵیوس بە کەناڵی تەلەفزیۆنی گوت: “ئەگەر بڕیارێکی ڕەتکردنەوەت لە ئاژانسی کۆچبەران وەرگرتووە، پێموایە پێویستە پەیوەندیمان پێوە بکەیت و داوای پێداچوونەوەی نوێ لەسەر بڕیارەکەت بکەیت”.

هەڵسەنگاندنی ئای ئاڕ ئێس ئاماژە بەوە دەکات، کە بەم دواییانە ڕەوشی ژنان لەو وڵاتەدا بەشێوەیەکی توند تێکچووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەم، سەرۆکی تاڵیبان داوای جێبەجێکردنی تەواوی یاسا ئیسلامییەکانی لە دادگاکانی وڵات کرد، بەوەش ئازادی ژنان کەوتە مەترسی، تا ئاستی چەوساندنەوەیان.

ڕەنگە بە دڵت بن