چەند کۆچبەرێک کاپتنی فڕۆکەیەکیان خەڵەتاند و توانیان بگەنە وڵاتێکی ئەوروپی

چەندین کۆچبەر توانیان بەشێوەیەکی “داهێنەرانە” بگەنە خاکی ئیسپانیا، لە گەشتێکی فڕۆکەوانیدا کە لە دار بەیزاوە بۆ ئەستەمبوڵ دەڕۆیشت، ئەوان کاپتنەکەیان ناچار کرد لە فڕۆکەخانەی بەرشەلۆنە بەپەلە بنیشێتەوە، بەوپێیەی ئافرەتێکی دووگیانیان لەگەڵدایە و لە حاڵی خۆیدایە، دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە، 28 کەس توانیان لە فڕۆکەکە ڕابکەن، پۆلیس 14 کەسی لێ دەستگیرکردنەوە، دواتریش دەرکەوت ژنەکە دووگیان نییە، ئێستا گەڕان بەدوای ئەوانی دیکە بەردەوامە.

دیارە ڕێگە و ڕێگاکانی قاچاخ و کۆچکردن بێ سەرسوڕمانی زۆر نییە، کە شێوە و فۆڕمی بێوێنەی لێ دەردەکەوێت، دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا ڕۆژی چوارشەممە (7ی کانوونی یەکەم) ڕایانگەیاند، کە پۆلیس بەدوای 14 کەسدا دەگەڕێت کە توانیویانە لەنێو دڵی فڕۆکەخانەکەی بەرشەلۆنە دەرباز بن.

بەیاننامەکەی دەستەڵاتداران دەڵێ، کە ئەوان لەنێو گرووپێکی گەورەتردا بوون کە 28 کەس بوون، هەموویان لەسەر فڕینی هێڵی ئاسمانی پگاسوس بوون کە گەشتێکی ئاساییان لە کازابلانکاوە بۆ ئەستەمبوڵ کردووە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان لە حکومەتی ناوەندی کەتەلۆنیا، ڕووداوەکە کاتژمێر 4:30 خولەکی بەیانی (0330 پ.م.ز) ڕوویداوە، کە فڕۆکەکە داوای نیشتنەوەی فریاکەوتنی کردووە، چونکە یەکێ لە سەرنشینەکان دووگیانە.

ئاگینس فرانس پرێس لە زاری ئەو سەرچاوانەوە باس لەوە دەکات، کە کاتێ فڕۆکەکە نیشتۆتەوە، ئامبولانسێک و سێ پاسەوانی پۆلیس بەرەو ئەو شوێنە بەڕێکەوتوون، لەوکاتەدا گرووپێکی 28 کەسی فڕۆکەکەیان جێهێشت و هەوڵی هەڵهاتنیان داوە.

پۆلیس 14 کەسیان دەستگیرکرد، کە ئافرەتە دووگیانەکەشی تێدابوو، پێنجیان بۆ بەردەوامبوون لە گەشتەکەیان و لەسەر خواستی خۆیان و، بە ڕەزامەندی دەستەکە گەڕابوونەوە نێو فڕۆکەکە.

ژنەکە بۆ پشکنینی پزیشکی بردرایە نەخۆشخانەی سانت جوان دیۆ، لەوێ دەرکەوت کە دووگیان نییە، لەبەر ئەوە لە نەخۆشخانە دەرکرا و دەستگیرکرا، ئەوەش بە تۆمەتی بێزارکردنی فەرمانی گشتی.

پۆلیس هێشتا بە دوای 14 کەسی دیکەدا دەگەڕێت کە توانیویانە ڕابکەن، هاوکات زانیاری هەشت دەستگیرکراویش ماونەتەوە بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی مەغریب.

ڕەنگە بە دڵت بن