دادگا بێتاوانی دوو کۆچبەری ڕاگەیاند، کە ساڵی 2020دا بە تۆمەتی قاچاخبردنی خەڵکی بۆ ئەو وڵاتە تۆمەتبار کرابوون، لەوکاتەدا دادگا سزای 50 ساڵ زیندانی بەسەریاندا سەپاندبوو، ئەوەش ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پەرلەمانی ئەوروپای هێنایە دەنگ.
دوای دەستگیرکردنیان و دادگاییکردنیان و تۆمەتبارکردنیان بە قاچاخبردنی کۆچبەران، دوو کۆچبەری ئەفغانی سزای 50 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا، بەڵام رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دادگای تاوانەکانی یۆنان هەردووکیانی ئازادکرد.
سەرچاوەیەکی دادگا، دووپاتی کردەوە کە بە بەخشینی ڕەفتاری باش و بەسەربردنی کات لە گرتووخانە، کە لە مانگی ئازاری 2020ەوە دەستگیرکراون، لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەمیر زاهری ئازاد دەکرێت، وەک عاکیف ڕەسوڵی کە ڕۆژی پێنجشەممە دوای سەلماندنی بێتاوانی ئازاد کرا.
ئەو دوو کۆچبەرە لە مانگی ئاداری 2020دا لە تورکیاوە گەیشتوونەتە یۆنان، بەڵام ئەو قاچاخچییەی لەگەڵیان بووە بەلەمەکەیان بەجێهێشتووە و هەڵاتوون.
ئەمیر زاهری کە لەگەڵ دوو منداڵەکەی و ژنەکەی لە بەلەمەکەدا بوون، هەوڵیدا سەرپەرشتی بەلەمەکە بکات، بەو هۆیەشەوە دادگا بە تۆمەتی قاچاخچێتی تاوانباری کردبوو.
دوای دەستگیرکردنیان هەریەکەیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە کۆچبەران، سزای 50 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا، بڕیارەکە شەپۆلێکی شۆکی لەنێو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پەرلەمانی ئەوروپا دروستکردن.
پارێزەرانی بەرگری، لەوکاتەدا ئیدانەی نادیاریان لە تاوانبارکردنەکەدا کرد، بەتایبەت نەبوونی گەواهیدەر لەسەریان.