ئەمڕۆ شەممە، رێککەوتی 10ی12ی2022، تۆڕی بەریتانی “سکای نیوز” بڵاویکردەوە، کە دەستەڵاتدارانی ئەڵمانیا چێشتلێنەرێکی بەناوبانگیان دەستگیرکردووە، کە پەیوەندی بە هەوڵی کودەتا شکستخواردەوەکەوە هەبووە، بەڵام سەرسوڕمانەکە پەیوەندی بە یاریزانێکی ریاڵ مەدریدەوە هەیە.
چێشتلێنەری بەناوبانگ فرانک هیپنەری تەمەن 62 ساڵ، کە باوکی کچە خۆشەویستەکەی ئەستێرەی ڕیال مەدرید دەیڤد ئەلابایە، لەکاتی هەڵکوتانە سەر هاوینەهەوارێکی زستانە، لە شاری کیتزبوهێلی نەمسا دەستگیرکرا، کە خاوەنی هۆتێلێکە.
فرانک هیپنەر وەک چێشتلێنەرێکی بەناوبانگی هۆتێلە پێنج ئەستێرەکانی جیهان کاری کردووە، کە تایبەتە بە خواردنی ئەوروپی و ئاسیایی.
دەستەڵاتدارانی ئەڵمانیا دوو ڕۆژ پێش ئێستا ڕایانگەیاند، بزووتنەوەیەک کە خۆی بە “بزووتنەوەی هاوڵاتیانی ڕایخ” ناوبردووە، بەنیازە حکومەتی ئەڵمانیا بڕوخێنێت.
هەندێک لەئەندامانی ئەو گرووپە، دەستووری ئەڵمانیای دوای جەنگی جیهانی دووەم ڕەتدەکەنەوە.
جوڵانەوەکە لەساڵی 1949 دامەزراوە و لەساڵی 1952 قەدەغە کراوە.
نزیکەی 20 هەزار ئەندامیان هەیە و، دزەیان کردۆتە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەتایبەتی ئاسایش و بەرگری.
گرووپەکە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیان هەیە و توانای دروستکردنی ئامێرە تەقەمەنییەکانیان هەیە، لە کۆگاکانی حکومەتدا چەک و تەقەمەنییان دزیوە.
حکومەت نیگەرانە لەوەی کە بزوتنەوەکە خاوەنی چەکە.
بزووتنەوەکە باوەڕی بە دیموکراسی و دەوڵەت نییە، بە ناشەرعی دەزانێت و ڕەتی دەکاتەوە پابەندی یاساکان بێت.
گرووپەکە پێشتر هەوڵی تیرۆرکردنی وەزیری تەندروستی ئەڵمانیایان داوە و، دەستەڵاتداران ئەو هەوڵەیان پوچەڵکردۆتەوە.