سەرۆکی کۆمەڵەی ئیسلامی لە مالمۆ، بانگەوازەکەی موفتییەکەی لیبیای بۆ موسڵمانان رەتکردەوە، کە داوای کردبوو موسڵمانان سوید بەجێبهێڵن، بەو پێیەی کە ئەو وڵاتە منداڵی موسڵمانان دەڕفێنێت.
مەلا رەمەزان بوسەعیدی، بە تەلەفزیۆنی سویدی راگەیاند، کە ئەو ناتوانێ گوێ لەو موفتییە بگرێت، ئەوە شتێکی بێمانایە، ئایا موسڵمانان دوای وتارەکەی ئەو موفتییە، سوید جێدەهێڵن!
ئەو پێیوابوو، کە قسەکردنی ئەو موفتییە، تەنیا کار لەسەر کەسانێک دەکات، کە زانیارییان نییە.
موفتی لیبیایی سادق ئەلغەریانی، لەبەر رفاندنی منداڵانی موسڵمان لەلایەن سوید، هاوکات بە پشت بەستن بە حەدیسێکی سەحیحی پێغەمبەری ئیسلام، داوای لە موسڵمانانی سوید کرد کە ئەو وڵاتە جێبهێڵن، گەرنا لەوێ بمێننەوە بە کافری دەمرن.
موفتییەکە لە وتارێکدا، ڕەخنەی لە سوید گرت و ڕایگەیاند، کە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان منداڵی موسڵمانانان دەڕفێنن بۆ ئەوەی ئایینەکەیان بۆ مەسیحی بگۆڕن.
لە وتارەکەیدا گوتی: مەهێڵن منداڵەکانتان ببەن و بیانکەن بە مەسیحی، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە لە ماڵپەڕی دار ئەلئەفتەدا بڵاوکراوەتەوە، ئیمام سادق ئەلغەریانی دەڵێت: “ڕێگە بە موسڵمانان نادرێت لەو وڵاتەدا بمێننەوە”.
جێی باسە، بەگوێرەی شارەزایانی ئایینی ئیسلام، فتوای موفتییەکەی لیبیا راستە، نەک مەلاکەی مالمۆ، ئەوەش بەپێی ئەم حەدیسەی کە موسلیم روایەتی کردووە، کە دەڵێ: أنا بريء من كل مسلم يقيم بين أظهر المشركين، قالوا: يا رسول الله، ولم؟ قال: لا تتراءى ناراهما”.