جۆزێب بۆریێل سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، دەڵێ، کە یەکێتییەکە لەسەر پاکێجێکی سزای زۆر توند لەسەر ئێران، ڕێکدەکەون.
ئەمڕۆ دووشەممە، پێش چاوپێکەوتنی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، جۆزێب وتی: “ئێمە پاکێجێک لە سزای توند پەسەند دەکەین، ئێمە بۆ پشتیوانیکردن لە ژنانی گەنج و خۆپێشاندەرانی ئاشتی خواز، هەر کارێک لە دەستمان بێت دەگرینە بەر”.
هەر ئەمڕۆ ئانالینا بایرباوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند کە سزا نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئێران، پاسداران دەکاتە ئامانج.
ئەو بۆ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ هاوتاکانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل بە پەیامنێرانی وت: “لەگەڵ ئەم پاکێجە سزایە، ئێمە بەتایبەتی ئەو بەرپرسانەی لە سێدارەدان و توندوتیژی دژ بە خەڵکی بێتاوان دەکەینە ئامانج”.
هەر بەگوێرەی پاکێجە سزاکە، ئەوانەشی هەوڵ دەدەن لەڕێگەی ڤیدیۆی زۆرەملێوە (دانپێدانان) بە خەڵکی بکەن و خەڵک بترسێنن، یا سزایان بدەن، دەبنە ئامانجی سزاکان.
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەوە بۆ ئەوەی هەوڵبدەن لەسەر گەمارۆی زیاتر لەسەر ڕوسیا و ئێران ڕێکبکەون و، بڕی 2 ملیار یۆرۆی زیاتر (2.11 ملیار دۆلار) بۆ دابینکردنی چەکی ئۆکرانیا تەرخان بکەن.
هەروەها وەزیرەکان بەنیازن چاوخشاندنەوە بە سزا نوێیەکان بکەن، کە بەسەر تاک و دامەزراوەکانی ئێراندا دەسەپێندرێ، ئەوەش لەبەرانبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەڵمەتەکانی تاران بۆ سەر خۆپیشاندەران و، دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕوسیا.
نیوزلەندا سزای بەسەر 22 بەرپرسی ئێرانیدا سەپاندووە، کە فەرماندەی پاسەوانی شۆڕش و ئاسایشی ناوخۆ و سەرۆکی پۆلیسی رەوشتی تێدایە.