دوکاندارانی شاری جوانڕۆ و بەتایبەت بازاڕچەی سنووریی ئەو شارە، لەژێر گوشاری لە ڕادەبەدەری ناوەندە ئەمنییەکاندان، سەرەڕای داخستنی دوکانەکان، داوای ٥ میلیۆن تمەن لە خاوەنی ئەو دوکانانەی کە مانیان گرتبوو دەکەن، هەروەها بەڵێننامەی نووسراویانشیان لێ داوا دەکەن.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی شەممە، ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (١٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، ناوەندە ئەمنییەکان بەشێکی زۆری بازاڕی سنووری شاری جوانڕۆیان بە بڕی ٥ میلیۆن تمەن سزاداوە و، بەڵێننامەی نووسراویشیان لە دوکاندارەکانی ئەو شارە وەرگرتووە، ئەوەش وێڕای داخستنی دوکانەکانیان.
بەوتەی سەرچاوەکان، سەرەڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر داخستنی دوکانەکانیان، دوکاندارەکان ڕەتیان کردووەتەوە کە هیچ پارەیەک وەک سزا بە حکومەت بدەن، یاخود بەڵێننامەی ئامانجدار واژۆ بکەن.
دەوترێت هاوکات لەگەڵ بازاڕچەی سنووریی جوانڕۆ، کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی خەڵکی ئەو شارەیە، دوکانەکانی بازاڕی سەرەکی شاریش، لەژێر ئەو گوشارانەدان.
جێی باسە، ئەو گوشارانە بۆسەر بازاڕیانی شاری جوانڕۆ، لەدوای بەشداری چالاکانەی بازاڕیان و کاسبکارانی ئەو شارە دێت، کە لە مانگرتنی سەرتاسەری بەتایبەتی لە ڕۆژەکانی ١٤، ١٥ و ١٦ی سەرماوەز دەستی پێکردووە.