سێ منداڵ و لاوێک دەستگیر دەکرێن..بزانە چەندین منداڵ دەستگیر کراون

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لاوێک بەناوی دانیال محەممەدی و، ٣ قوتابی تەمەن ١٧ ساڵ بەناوەکانی کیان خوڕەمی، سروش شەریفی و ئارین پیری، لە شاری ڕوانسەر لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

بەگوێرەی هەواڵێکی بەڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، دانیاڵ محەمەدی تەمەن ٢٥ ساڵ و، ئارین پیری تەمەن ١٧ ساڵ لە شاری ڕوانسەر، لەلایەن هێزەکانەوە دەستگیرکراون.

هەروەها، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی سەرماوەز، هەر لەو شارەدا، دوو قوتابی تەمەن ١٧ بەناوەکانی کیان خوڕەمی و سروش شەریفی، دەستگیرکراون.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو چوار هاوڵاتییە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە، بۆ گرتووخانەی دیزڵ ئابادی کرماشان گواستراونەتەوە.

بەپشتبەستن بە نوێترین ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئامار بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە هەژمارکردنی ئەم سێ منداڵە، لە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان هەتا یەکشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، ١٥١ منداڵی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.

ڕەنگە بە دڵت بن