وێڕای هەڕەشەی سێکسی سزای لە سێدارەیشی بۆ دەرچوو

محەمەد مەهدی کەرەمی خەڵکی بیجاڕ، کە لەکاتی ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی، یەکێ لە کوژراوانی بەرخودانی جەماوەریی کەرەج دەستگیرکرابوو، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و، ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەی زۆرە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەمەدی مەهدی کەرەمی تەمەن ٢٢ ساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی پارێزگای ئەلبۆرز، بە سەرۆکایەتی دادوەر موسا ئاسف ئەلحەسنی، بە تۆمەتی “فساد فی الارض”، لەڕێگای تاوان لە دژی ئاسایشی ناوخۆیی” بە موحاربە (شەڕ لەگەڵ خودا) مەحکوم کراوە و، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی سەرماوەز بەشێوەیەکی فەرمی لە گرتووخانە سزاکەی پێ ڕاگەیێندراوە.

دانیشتنی بەدواداچوون بۆ تۆمەتەکانی محەمەدی مەهدی کەرەمی و ١٤ هاوڵاتی دیکە لەژێر ناونیشانی دۆسییەی کوژرانی بەسیجێک بەناوی ڕوحوڵڵا عەجەمیان، ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەز (٣٠ نۆڤامبر) بەڕێوەچووە، کە لەو دانیشتنەدا ئەو لاوە کوردە وەک تۆمەتباری سەرەکی ئەو دۆسییەیە ناسێندراوە.

شیاوی ئاماژە پێدانە، کە محەمەد مەهدی کەرەمی، ڕۆژ شەممە، ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ و دوو ڕۆژ دوای ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی، لەلایەن هێزەکانەوە ڕفێندرابوو.

یەکێ لە نزیکانی بنەماڵەی کەرەمی، بەو رێکخراوەی ڕاگەیاندووە: محەمەد مەهدی لە ماوەی دەستگیرکرانیدا لەژێر ئەشكەنجەی دڕندانەی ڕۆحی و فیزیکی ناوەندە ئەمنییەکاندا بووە و، چەندین جار بەدەست لێدان لە سمت و جەستەی هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی لێکراوە. ناوبراو لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردووەتەوە.

ئەم هاوڵاتییە لە مافی هەبوونی پارێزەر و تەنانەت لە ڕۆژی دانیشتنی دادگاشدا بێ بەش بووە.

محەمەد مەهدی کەرەمی تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی گوندی کوتانی خوارووی سەر بە شاری بیجاڕە و، دانیشتوونی نەزرئابادی شاری کەرەجە، ناوبراو لە وەرزشی کاراتێدا چەندین مەدالیای لە ئاستی پارێزگا و ئێراندا بەدەستهێناوە.

ڕەنگە بە دڵت بن