خەڵکی زیاتر دێن بۆ ئەوەی لە کامپەکانی دانیمارک بژین، لە کاتێکدا ئەو کامپانە بۆ پشووەکان بەکار دەهێنران، ئەم کەمپانە کراون بە خانووبەرە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە ناتوانن کرێی خانو و کارەبا بدەن، بەهۆی لەدەستدانی ئیشەکانیان، وەیا بەهۆی هەڵئاوسان و نەتوانینی مووچەی مانگانەیان لە پێدانی پابەندییەکانی ژیانیان.
جۆن پیتەرسن، هاوڵاتییەکی دانیمارکییە کە چەند هەفتەیەک پێش ئێستا چووەتە ناو ئەو خانووە کاتییە، ژیانێکی سادە و دوور لە وزە و کرێ ژیان بەسەر دەبات، ئەوەش دوای لەدەستدانی کارەکەی لە ئەنجامی هەڵئاوسانی ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا روویداوە.
جۆن پیتەرسن بە سکای نیوزی گوت: “نرخی وزە هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی نەتوانم لە ماڵەوە بمێنمەوە، وەک باسم کرد، تەنیا بڕی 4000 کرۆنم بۆ ماڵەکەم دەدایە کارەبا، لەناکاو خەرجی وزە گەیشتە زیاتر لە 4000 کرۆن”.
ئەوەشی وت: “من دوو ئەوەندە پارە دەدەم کە پێشتر پارەم دەدا و نەمتوانی لەگەڵ ئەم بەرزبوونەوەیە بژیم، بۆیە زانیم کە دەبێت بەدیلی تر بدۆزمەوە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی کارەبا”.
جۆن پیتەرسن ڕوونی دەکاتەوە، “پێموایە سیاسەتمەدارەکان بەتەواوی لە دیمەنی ئەم کێشەیەدا خەمخۆر نین، ئێمە بە قەیرانی کۆرۆنادا تێپەڕیین کە دەوڵەت پارەیەکی زۆری تێدا خەرج کرد، بەڵام لەم قۆناغەدا من تێبینی پشتگیری ڕوون لە سیاسەتمەداران ناکەم”.
حکومەتی دانیمارک وەک بەشێک لەپلانی هاریکاری زیاتر لەدوو ملیارو چوارسەد هەزار کرۆنی دابینکردووە بۆ پشتگیریکردنی پێدانی کرێی کارەبا، کە داویەتی بە چوارسەد هەزار هاوڵاتی، بەڵام ئەو پشتگیرییە یارمەتی جۆنی نەدا تا لە ماڵەکەیدا بمێنێتەوە.
ئەو کامپە، کە لە باشووری پایتەختی دانیمارکە، نزیکەی 100 کەسی وەهای تێدا دەژی و چاوەڕان دەکرێت، ژمارەیان بەرزتر بێتەوە.
سوزانا بیسکور فانۆ، بەڕێوەبەری کامپی ئوتۆمبێلی وان دەڵێت: “چەندین پەیوەندیم پێوە دەکرێت، هەندێک جار تا 15 پەیوەندی لە ڕۆژێکدا، کە داوای شوێنی نیشتەجێبوون لە کامپەکە دەکەن، چونکە ناتوانن خەرجی ژیان بدەن، زۆربەی ئەوانەی لێرە دەژین خاوەن موچەیەکی کەمن”.
هەندێ لە سایتەکانی فرۆشتنی ئۆنلاین دەڵێن ڕێژەی ئەو هاوڵاتیانەی کە کەلوپەلەکانیان دەفرۆشن، لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا لەسەدا سی زیادی کردووە، کە زۆربەیان کەلوپەلی ماڵەکانیان فرۆشتووە.
ئەم کامپە هەمیشە پێشوازی لەو کەسانە کردووە کە خوازیارن پشووەکانیان لە باوەشی سروشتدا بەسەربەرن، بەڵام تێچووی زۆری کرێی ژیان و کارەبا، بووەتە پەناگەیەک بۆ ئەوانەی کە لە هەلومەرجی سەختی ژیان هەڵهاتوون.