بەریتانیا گەیشتە تینی..هەر کۆچبەرێک بگاتە وڵاتەکەی خێرا دیپۆرتی دەکاتەوە

بەریتانیا دەڵێت بەنیازە یاسایەک بۆ ڕێگەگرتن لەو کۆچبەرانەی کە لەکەناڵی ئینگلیزی دەپەڕنەوە دابنێت، چونکە حکومەتی نوێ هەوڵدەدات زیاتر کۆنترۆڵی سنوورەکەی بکات و رێ لە گەیشتنی ئەو کۆچبەرانە بگرێت، کە بە بەلەمە بچووکەکان دەپەڕنەوە.

ڕیشی سوناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ستراتیژییەکی پێنج خاڵی نوێی ڕاگەیاند، ئەوەش بۆ چارەسەرکردنی کۆچە نایاساییەکان، لەوانە پلانی خێراکردنی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان.

سوناک بەپەرلەمانی گوت: هەر کەسێ بە نایاسایی بێنە ناو بەریتانیاوە، ئەوا ناتوانن لێرە بمێننەوە، لە جیاتی ئەوە کۆچبەرەکە دەگیرێت و بە خێرایی دیپۆرتی وڵاتەکەی خۆی، یا بۆ وڵاتێکی پارێزراو دەنێردرێتەوە، کە داوای پەنابەریەکەی لەبەرچاو بگرێت.

“مافی تووڕەبوون”

حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەریتانیا بەڵێنیان داوە، کە بەهەرجۆرێ بێت گەیشتنی بەلەمە بچووکەکان بوەستێنن، ئەمساڵ 44867 کەس بە بەلەمی بچوکەوە لە کەناڵەکە تێپەڕیون و چوونەتە ناو بەریتانیاوە.

سوناک وتی کە خەڵکی بەریتانیا “مافی توڕەبوون”یان هەیە، ئەوەشی وت کە سیستمی ئێستا نادادپەروەرانەیە بۆ پەناخوازان وتیشی: “دڵڕەقانە و دڕندانە نییە کە بیانەوێت دەستی ئەو چەتە تاوانبارانە بشکێنین، کە بازرگانی بە ئازارەکانی مرۆڤەوە دەکەن، بەسە”.

لە سەرەتای ئەمساڵدا حکومەتی بەریتانیا پلانی ناردنەوەی کۆچبەرانی بۆ ڕواندا لەنێو هەوڵەکانی دیکە ڕاگەیاند و، هیوای خواست کە ئەو خەڵکەی بە بەلەمی بچووک دەگەنە بەریتانیا، دوور بخاتەوە.

ڕەنگە بە دڵت بن