دەستەڵاتدارانی دەریایی لە کەناڵی ئینگلیزی کە فەرەنسا و شانشینی یەکگرتوو جیا دەکەنەوە، بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ئۆپەراسیۆنێکی ڕزگارکردنیان ئەنجامدا، پاش ئەوەی بەلەمێکی بچووک کە نزیکەی 50 کۆچبەری هەڵگرتبوو و نوقمبوون، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان کە بەردەستن، بەلایەنی کەمەوە چوار کەس خنکاون.
پاسەوانی کەناری بەریتانیا، بەیانی ڕۆژی چوارشەممە 14ی کانوونی یەکەم، لە کەناری باشووری ڕۆژهەڵاتی کێنت، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەکە کردووە و، رایانگەیاند کە 43 کۆچبەریان ڕزگار کردووە، کە هەندێکیان لەنێو ئاوی بەستوو دەرهێنراون.
بەگوێرەی بی بی سی، ئۆپەراسیۆنە گەورەکەی رزگارکردن، دوای ئاگادارکردنەوەیان لەبارەی ڕووداوەکەوە لە دەوروبەری کاتژمێر سێی بەیانی بۆ هاتووە، کە نزیکەی 50 کیلۆمەتری باشووری ڕۆژئاوای دۆڤەرەوە بووە.
دەستەڵاتداران بە فەرمی ژمارەی خنکاوانیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام پەیامنێری ناوخۆیی بی بی سی، سیمۆن جۆنس، لە تویتەر بڵاویکردەوە کە سێ کۆچبەر خنکاون، ئەوەش دوای ئەوەی بەلەمێکی کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیزیدا نوقم بووە، لە کاتێکدا ئاوەکە بەستوویەتی، بەتایبەت لە جۆنس لە نوێترین تویتەکەیدا باسی لە بەرزبوونەوەی ژمارەی خنکاوان بۆ چوار کۆچبەر کرد.
پاسەوانی کەنارەکە وتی کە بەلەم و تیمی رزگارکردنی لە چەند شارۆچکەیەکی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا، بە پشتیوانی دوو هەلیکۆپتەری بەریتانی و هەلیکۆپتەرێکی هێزی دەریایی فەڕەنسی بووە.