هەموو شەوێک خۆبەخشەکان دێنە هانای ئەو کۆچبەرانەی، کە لە دەرەوەی دەروازەکانی بنکەی سەرەکی پێشوازیکردنی پەنابەران لە نەمسادا دەژین و، دەیانبەن بۆ ئەو شوێنەی کە دەتوانن تێیدا بخۆن و بخەون.
پەنابەرێک بە ناوی دڵشاد کە دارتاشێکی سورییە و ساڵانێک لەمەوبەر وەک پەنابەر چۆتە نەمسا، توانی لە بازاڕدا کار بکات، ئێستا یەکێکە لە خۆبەخشەکان بۆ یارمەتیدانی پەناخوازان.
کاتێ کارەکەی تەواو دەکات، بەرەو کامپی وەرگرتنی پەنابەران لە تریسکیرچن دەڕوات، ئەوەش بۆ یارمەتیدان و دابەشکردنی چای گەرم بۆ ئەو پەنابەرانەی، کە لە دەرەوەی بینای گەورەترین کامپیی پەناخوازانی ئەو وڵاتە لە باشووری ڤیەننا کۆدەبنەوە، لەوێدا دەرگاکانی کامپەکە کاتژمێر 10ی شەو دادەخرێن، بۆیە دڵشاد و هاوسەرەکەی و چەند خۆبەخشێکی دیکە، کارێکی تریان هەیە تا ئەنجامی بدەن، ئەویش یارمەتیدانی ئەوانەی لە دەرەوەی کامپەکە ماونەتەوە و، شوێنێک بۆ بەسەربردنی شەو نادۆزنەوە.
پەناگەی نهێنی
دڵشاد بە ئاژانسی هەواڵی کۆچەر نیوزی ڕاگەیاندووە، لە چەند شەوێکدا فریای نزیکەی 45 پەنابەر، کە زۆربەیان خەڵکی هیندستان و مەغریب و تونس و ئەفغانستان و سوریا بوون، کەوتوون.
بەم دواییانە ژمارەی گەشتە نوێکان کەمتر بووە لە ماوەی ڕابردوو، دڵشاد باس لەوە دەکا، کە لە دەرەوەی ناوەندی پێشوازی، تەنیا دوو کۆچبەری دۆزیوەتەوە، کە بردوویەتی بۆ پەناگەیەکی نهێنی تا بخوات و بخەوێت، دڵشاد ڕەتیکردەوە شوێنی خۆی ئاشکرا بکا، ئەوەش لە ترسی ئەوەی لەلایەن کەسانی راسیستەوە بکرێتە ئامانج.
ئەو دارتاشە سورییە، کە بازرگانی خۆی هەیە، هەموو شەوێک کاتەکانی خۆی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکا، هەندێجار لەگەڵ کۆچبەران تا دووی بەیانی دەمێنێتەوە، ئەوەش دوای ئەنجامدانی سەختی کاری ڕۆژەکەی.
لەم چەند مانگەی دواییدا، کەمیی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ پەناخوازان لە نەمسا، زۆر گرینگ بووە، لە بەشێکیدا چونکە خەڵکێکی زیاتر دەچنە ناو ئەو وڵاتە بۆ پاراستنیان، لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2022دا، 71 هەزار و 885 کەس داوای پەنابەرییان کردووە، ئەمەش نزیکەی 40 هەزار کەس زیادی کردووە بە بەراورد بە ژمارەی داواکارییەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، لە کاتێکدایە کە نەمسا میوانداری زیاتر لە 85 هەزار پەنابەری ئۆکرانیا دەکات.
توندڕەوە ڕاستەکان کە جلی سەربازیان لەبەر کردووە بە شێوازی جۆراوجۆر سەنتەری پێشوازیان لە تریسکیرچن کردە ئامانج، وەک فڕێدانی نامیلکەی دژە کۆچکردن لە بینای سەنتەرەکە. بەپێی ڕۆژنامەی کۆریر ی نەمسایی، هەندێک لە بڵاوکراوەکان ڕایانگەیاندووە: “ئێمە نامانەوێت ئەوروپا ببێتە ئەفریقا ئێمە ئامۆژگاریتان دەکەین کە بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانتان، نەمسا پێویستی بە تۆ نییە و تۆی ناوێت.