چوار خوێندکاری دیکەی کۆلێژی تەکنیکی کچانی شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراون.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (١٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، چوار خوێندکاری کۆلێژی تەکنیکی کچانی شاری سنە، بە ناوەکانی تینا خدری، سەنا خودامورادی، ڕزوان بازانی قەلعە و، هانیە چەهاردۆڵی، لە پێش دەرگای بەشی ناوخۆیی ئەو کۆلێژە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە ڕفێندراون.
بە وتەی گەواهیدەران، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پێشتر بە ئوتۆمبێلێکی تابلۆ مەدەنی لە پێش دەرگای چوونە ژوورەوەی بەشەناوخۆیی ئەو خوێندکارانە خۆیان جێگیر کردبوو.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی سەرماوەز (٩ی دیسەمبەری) بیتا وەیسی، تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی شاری پاوە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتی خوێندکارانی کۆلێژی تەکنیکی کچانی شاری سنە، ڕفێندرابوو.
جێی باسە، تا ئێستا چارەنووس و شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی تەندروستی ئەو خوێندکارانە هیچ زانیارییەک نییە.