بێ ئەوەی رێگریان لێ بکرێت 20 هەزار کۆچبەر بە وڵاتێکدا دەگەنە ئەوروپا

کارل نەهامری ڕاوێژکاری نەمسا، لەبەردەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئەوروپا لە برۆکسل گوتی، کە 20 هەزار لەو 75 هەزار کۆچبەرەی بە نایاسایی گەیشتوونەتە وڵاتەکەی، بە ڕۆمانیادا تێپەڕیوون بێ ئەوەی لەلایەن دەستەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە ڕێگریان لێبکرێت. لەبەرانبەردا پۆلیسی ڕۆمانیا ئەمەی پشتڕاست نەکردۆتەوە، بەڵام میدیاکانی ڕۆمانی ڕەخنەیان لە لێدوانەکەی گرت و بە نالۆژیکییان ناوبرد.

کارل نەهامری ڕاوێژکاری نەمسا، ئاماژەی بەوەشدا کە پۆلیسی ڕۆمانیا ئەمەیان زانیوە، چونکە داتاکانیان لای خۆیان تۆمار کردوون، سەبارەت بە میدیاکانی ڕۆمانیش، ئەوان ئیدانەی لێدوانەکانی ڕاوێژکاری نەمسایان کرد و، بە نالۆژیکی لە قەڵەمیاندا، بەتایبەتی کە ڕۆمانیا هیچ سنوورێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ نەمسادا نییە و، ئەوەشیان وتووە باشتر بوو هەنگاریا کە دەکەوێتە نێوان نەمسا و ڕۆمانیا و، بە وڵاتێکی شینگن دادەنرێت تۆمەتبار کرابا.

لەساڵی 2015دا، دەستەڵاتدارانی هەنگاریا دەستیان بە دروستکردنی دیوارێکی چوار مەتری لەنێوان سنووری خۆیان و سربیا بۆ ڕێگریکردن لە چوونە ناوەوەی پەنابەران کرد.

نەهامر ئەوەشی خستەڕوو، کە نزیکەی 75 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ڤییەنا و، لەکاتی تۆمارکردنیشدا گوتوویانە بەناو ڕۆمانیادا تێپەڕیوون، میدیاکانی ڕۆمانیش دەڵێن، ئەی بۆ نەیوتووە کە 55 هەزار کۆچبەرەکەی دیکە بە کام وڵاتە تێپەڕیوون و گەیشتوونەتە نەمسا!

ڕەنگە بە دڵت بن