کەشتییە ئەڵمانییەکان چەندین کۆچبەر لە خنکان ڕزگار دەکەن

دوو ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا، 90 کۆچبەریان لەنێو بەلەمی لاستیکیدا ڕزگارکردووە، کە نزیکبوون لە نقومبوون و خنکان.

بەگوێرەی هەواڵی دی دەبلیووی ئەڵمانی، ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ڕیگنسبێرگ، رۆژی شەممە، رێککەوتی (17ی کانوونی یەکەمی 2022)، 63 کۆچبەریان لە دەریای ناوەڕاست ڕزگار کردووە، هەر لەو رۆژەشدا و لە ئەرکێکی دیکەدا، 27 کۆچبەری سورییان ڕزگار کردووە و، بردوویاننەتە نێو کەشتی میشن لایفلاین.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ئەندامانی یاریدەدەرانی ئەو دوو ڕێکخراوە خۆبەخشە گەیشتنە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە کەناراوەکانی تونس و لیبیا.

کۆچبەران کەناری باکووری ئەفریقا جێدەهێڵن و، بەزۆری بەلەمی ناشایستە بۆ گەیشتن بەخاکی یەکێتی ئەوروپا بەکاردێنن و، دەیانەوێت لەڕێگەی دەریاوە و بە مەترسی وەرزی زستان، کە کەشوهەوا سەخت و خراپە دەریا ببڕن.

زۆربەی ئەو کۆچبەرانە ڕوو لە ئیتالیا دەکەن، وەزارەتی ناوخۆ گوتی زیاتر لە 98 هەزار و 700 کۆچبەر، بەس لە ئەمساڵدا بە بەلەم گەیشتوون.

جێی باسە، بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، بەس لەمساڵدا زیاتر لە 1360 کەس لە دەریای سپی ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە، یا بێسەروشوێن بوون.

ڕەنگە بە دڵت بن