چارەنووسی راهێنەرێکی وەرزشی و فەرمانبەرێک دیار نییە

نەبوونی هیچ چەشنە زانیارییەک لەسەر بارودۆخی تەندروستی و ناڕوونی چارەنووسی دوو هاوڵاتی دەستگیرکراوی خەڵکی دیواندەرە بەناوەکانی ڕامیار وەرمزیار، فەرمانبەری فریاگوزاری و، هەروەها شەهرام عەبدوڵڵاوەند، ڕاهێنەری بۆکسێن، نیگەرانی جددی لێکەوتۆتەوە.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتاکانی هەفتەی دووەمی سەرماوەزی ٢٧٢٢، ڕامیار وەرمزیار، فەرمانبەری فریاگوزاری تەمەن ٣١ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە شاری دیواندەرە دستگیرکراوە.

بەوتەی سەرچاوەکان، ئەم هاوڵاتییە، بەشێوەیەکی توندوتیژ و بە بەکارهێنانی لێدان و کوتان دەستگیرکراوە و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازراوەتەوە.

هەروەها لە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمی مانگی سەرماوەز، شەهرام عەبدوڵڵاوەند، ڕاهێنەری بۆکسێن و ئەندامی ناسراوی کۆمەڵگای وەرزشی دیواندەرە دەستگیرکراوە و، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

جێی باسە، دەستبەسەرکراوان و ڕفێندراوانی ٣ مانگی ڕابردووی ڕەوتی بەرخودانی جەماوەریی لە کوردستان، بەشێوەیەکی سیستماتیک لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکاندان، هەتا ئێستا نزیکەی ١٠ کەس لەژێر ئەشکەنجەی ئەو ناوەندانەدا گیانی لەدەستداوە، دۆخی دەستگیرکراوان و ناڕوونی چارەنووسیان نیگەرانی جددی لێکەوتۆتەوە.

ڕەنگە بە دڵت بن