لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژنامەوانی لە پشت دیوارەکانی گرتووخانەی سالتڤیکی شاری هێرنۆساندی پارێزگای وێسترنۆرلاند، کلتورێکی نەژادپەرستانەی ئاشکرا کردووە، کە ژمارەیەک لە پاسەوانانی زیندانەکە چەند دەستەواژەیەکی ڕەگەزپەرستی باوی وەک “جانتای خەڵوز”، “ڕەشەکان”، “زبڵ” و “تیرۆریست”یان بەرانبەر زیندانیانی بیانی بەکار دەهێنن.
تیمی لێکۆڵینەوەی ئێس ڤی تی سویدی، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەگەڵ شەش پاسەوانی گرتووخانەکە، کە ئێستا کار دەکەن، یا بەم دواییانە کاریان کردووە، کۆبوونەوە، هەموویان وتیان، کە لەنێو کۆمەڵێ لە پاسەوانانی گرتووخانەکەدا “کلتورێکی نەژادپەرستانە” هەیە و، بە بەردەوامی وشەی ڕەگەزپەرستانە دژی بەندکراوانی بیانی و، بەتایبەتی ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یا ئەفریقاوە هاتوون و بە هەر تاوانێک دەستگیکراون، بەکار دێنن.
جارمۆ بارکێلا، کە بەم دواییانە گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی هیرنۆساند، گوتی کاتێ گوێی لە پۆلیسێک بوو بە رەگەزپەرستی زیندانییەک بانگ دەکات و، دواتریش لەلایەن هاوپیشەکانییەوە سوکایەتی پێکراوە، ئیدی پێیوتووە بۆچی وەڵامی پۆلیسەکەی نەداوەتەوە، ئەویش گوتوویەتی، کە دەترسێت بیخەنە زیندانی تاکەکەسییەوە.
ڕادۆمیر سێرکان، بەڕێوەبەری گرتووخانەکە، دەڵێ کە ڕێککارە ڕۆتینییەکان پەیڕەو دەکرێن، دەزانێ کە چەند حاڵەتێکی تاکەکەسی هەبووە، “من زۆر بە جدی ئەوە وەردەگرم، نابێت لە شوێنی کاردا وەها شتێ ڕووبدات”.
جێی باسە، زانیارییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە هیچ گۆڕانکارییەک بۆ باشتر بوونی ئەو دۆخە نەبووە و، کێشەکانی ڕەگەزپەرستی بە روونی دیارن.