چەندین پەنابەر بۆ دەڕبڕینی ناڕەزایی مانیان لە خواردن گرتووە

ڕادیۆی ئۆ ئاڕ ئێفی نەمسایی بڵاویکردەوە، کە پەنابەرانی کامپی شارۆچکەی سپیلفێڵدی پارێزگای ستیریای نەمسا، کە زۆربەیان خەڵکی سوریا و عێراقن، بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لەوەی چەند هەفتەیەکە لە چادری نیشتەجێبوونی هەمیشەیی دانراون، مانیان لە خواردن گرتووە.

بە وتەی بێژەری گشتی نەمسایی ORF، نزیکەی 30 لەو 70 کۆچبەرەی کە زۆربەیان خەڵکی سوریا و عێراقن و لە چادردا دەژین، لە شارۆچکەی سپیلفێلدی پارێزگای ستیریا، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، چونکە ترسی ئەوەیان هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر چادردا بیانهێڵنەوە، بەوپێیەی رەوشی کەشوهەوا سەختە و پلەی گەرما زۆر دابەزیوە.

پەنابەرێکی کەمپەکە دەڵێت: “من لە سوریا هەڵاتووم، بۆ ماوەی 15 ڕۆژە لێرە دانراوم، دەمەوێت بزانم چی روودەدا، ئایا من هەر لێرە دە‌هێڵنەوە؟! بەرپرسێکی کۆچبەرانی سپیلفیلد وتی، کە خەڵک لە ڕووی دەروونییەوە هیلاکن و، تەنیا دەیانەوێت بگوازرێنەوە بۆ شوێنە گونجاوەکان.

چالاکوانانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان داوا لە حکومەت دەکەن، کە بە خێرایی کار بۆ دابینکردنی خانوبەرە بۆ ئەو پەنابەرانە بکەن، لە ناویاندا ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی، ستیفانی کریسپر، توییتیان کرد: “ئەمڕۆ لە سپیلفیڵد چاوم بە پەنابەرانی بێهیوا کەوت، دوای شەوێکی زۆر سارد، نەیانتوانی لە چادرەکەدا بخەون، کە سەرما بوو، زۆربەیان قوربانی جەنگ بوون، کە لە سوریاوە هاتبوون، دەستبەجێ پەناگەی گەرم پێویستە بۆیان”.

هەندێکی دیکە داوایانکردووە کە مرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

هەروەها گرووپەکانی دیکە ڕەخنەیان لە ئەدای حکومەت گرت لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا، بەتایبەتی کە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە پلانی دانانی چادرەکان بۆ پەنابەران دەستی پێکرد.

بۆ حکومەت ئەستەمە شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆ کۆچبەران لە نەمسا دابین بکات، بەتایبەتی لەم چەند مانگەی دواییدا بەهۆی زیادبوونی ژمارەی پەنابەران لەو وڵاتە، کە لە نۆ مانگی یەکەمدا 71 هەزار و 885 کۆچبەر داوای پەنابەرییان کردووە.

ڕەنگە بە دڵت بن