چەند مانگێکە فەقێیەک رفێندراوە

دوو مانگ بەسەر دەستگیرکرانی ناسر فەقێ عیسا تێدەپەڕێت و، هەتا ئێستا هەوڵەکان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر دۆخی تەندروستی و چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناسر فەقێ عیسا، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٣٠ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد ڕفێندراوە و ، تا ئێستا هیچ سۆراغێکی نییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی فەقێ عیسا، دوای ٢٤ کاتژمێر لە ڕفاندنی ناسر فەقێ عیسا، ناوەندێکی ئەمنی لە شاری ئورمیە، پەیوەندیان بە بنەماڵەی ناوبراوەوە کردووە و، پێیان ڕاگەیاندوون، کە کوڕەکەیان لەلای ئەو ناوەندە دەستگیرکراوە.

سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاوڵاتییە ڕفێندراوە، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ناسر فەقێ عیسا لەبەردەستدا نییە.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە لە دوو مانگی ڕابردووەوە ناسر فەقێ عیسا لە مافی دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر بێ بەشکراوە.

ڕەنگە بە دڵت بن