کامیار تاهیری خەڵکی شاری بانە و دانیشتووی مەحموود ئاوا، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری ئامۆل و لە کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە ڕفێندراوە و؛ بەهیچ مەرجێک ئازاد ناکرێت.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کامیار تاهیری تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، پاش ئەوەی کە بیست ڕۆژ لە گرتنگەی ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ئامۆل بووە، بۆ گرتووخانەی ناوەندی ئەو شارە گوازراوەتەوە.
ناوەندە ئەمنییەکان، لەوماوەیەدا تەنیا یەکجار ڕێگەیان داوە کە کامیار تاهیری لەگەڵ بنەماڵەکەی چاوپێکەوتنی هەبێت، لەو چاوپێکەوتنەشدا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئەو هاوڵاتییە ئازاد بکرێت، تەنانەت بە شێوەی مەرجداریش.
کامیار تاهیری، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا وەک فەرمانبەری شارەوانی شاری مەحموود ئاوای سەر بە پارێزگای مازەندەران سەرقاڵی کارکردن بووە.
کامیار تاهیری، ڕۆژی چوارشەممە، ٢۵ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١۶ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لە شەقامی “هەزار”ی شاری ئامۆل، لەلایەن هێزەکانەوە ڕفێندراوە.
جێی باسە، ئەو هاوڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشکراوە.