کچە خوێندکارێکی خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و هۆکار و تۆمەتەکانی سەر ناوبراویش نادیارن.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢١ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) کیمیا وەهابی فەر، خوێندکاری تەمەن ٢٢ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە ڕفێندراوە، لە کاتێکدا ناوبراو، لەنێو دوکانێکی گوڵفرۆشی شاری سنەدا بووە.
کیمیا وەهابی فەر، خوێندکاری ئەندازیاری پیشەیی زانکۆی کوردستانە، لە دوای ڕفاندنی بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە گوازراوەتەوە.
هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکران و دۆخی تەندروستی ئەم هاوڵاتییە لەبەردەستدا نییە و، هیچ چەشنە پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەکردووە.