خانمە کوردێ بەتۆمەتی کوشتنی ئیتلاعاتێک سزا درا

ئافرەتێکی کورد، کە بەهاری ئەمساڵ بە دانانی بارمتە لە گرتووخانەی ناوەندی ئورمیە ئازاد کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، گوڵاڵە مورادی، مانگی ڕابردوو لەلایەن لقی سێی دادگای تاوانەکانی ١ی شاری مەهاباد، بە تۆمەتی “هاوکاریکردن لە کوشتنی عوسمان حاجی حوسێنی”، یەکێ لە کادیرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، سزای ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سزایە بە ڕەزامەندی بنەماڵەی کوژراو بووە و، بە پشت بەستن بە بەندی ئەلفی مادەی ٣٧ و بەندی ئەلفی مادەی ٣٨ لە یاسای سزا ئیسلامییەکانی پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢، بە دوو پلە دابەزین بۆ چوار ساڵ بەندکران، ئەوەش بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەستگیرکرانی پێشووی کەمکرایەوە.

گوڵاڵە مورادی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ (٢٤ی ئەپریلی ٢٠٢٢)، دوای یەک ساڵ و ٧ ڕۆژ بەندکران، بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتی لە بەندی ژنانی گرتووخانەی ناوەندی ئورمیە ئازاد کرا.

هەنگاو ساڵی ڕابردوو تۆمارێکی دەنگی گوڵاڵە مورادی بڵاوکردەوە، کە ناوبراو دەڵێت کە ناچاریان کردووم دانپێدانانی کوڕە مێرمنداڵەکەم دژ بە من و، هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی کە دژ بە من دراون، قبووڵ بکەم، ئەوەش دوای هەڕەشەیەکی زۆر ئەو کارەم کردووە و فیلمیان لە من هەڵگرتووە.

گوڵاڵە مورادی تەمەن ٤٨ ساڵ، ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢١)، هاوڕێ لەگەڵ دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی مەتین بەزازی ١٤ ساڵ و تاهیر بەزازی ٢١ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەرکران و بۆ ئورمیە گوازرانەوە. ناوبراو پاش ٤٥ ڕۆژ لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی گرتووخانەی ناوەندی ئورمیە گوازرایەوە. دوو کوڕەکەشی پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەم سێ کەسە دوای کوژرانی یەکێ لە کادیرەکانی سوپای پاسداران بە ناوی عوسمان حاجی حوسێنی (خەزووری تاهیر بەزازی)، کە دواتر گرووپێک بە ناوی هەڵۆکانی زاگرۆس بەرپرسیارێتییەکەیان گرتە ئەستۆ، دەستبەسەر کرابوون.

جێگای باسە، سەفیە مامووشی پوور، هاوژینی ئەو کادیرەی سوپای پاسدارانیش هەر لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر کرابوو و، دوای دوو مانگ بەندکران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ڕەنگە بە دڵت بن