دەستەڵاتدارانی سویسرا ناچارکران دیپۆرتکردنەوەی دەیان کۆچبەر بۆ ئیتالیا رابگرن، ئەوەش دوای ئەوە هات، کە رۆما بەشێوەیەکی کاتی رێککەوتنی دوبلنی راگرت.
نووسینگەی بەڕێوبەرایەتی کۆچی سویسرا ڕایگەیاند، کە حکومەتی ئیتالیا سێ هەفتە پێش ئێستا ئاگادار کراوەتەوە لە ڕاگرتنی یاسای دوبلین، کە بووە هۆی ئەوەی وڵاتەکی نەتوانێ 184 کۆچبەر دیپۆرتی ئیتالیا بکاتەوە.
ئەم پەیماننامەیە بەرپرسیارێتییەکانی پشکنینی داواکاریی پەنابەری لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، سویسرا، نەرویج، ئایسلەند و لیختنشتاین ڕێکدەخات، ئەو 184 کۆچبەرە لە ئیتالیا بە “دوبلینیەر” دادەنرێن، کە یەکەم وڵاتی ئەوروپییە چووبێتنە ناوی و پەنجەمۆریان هەیە، بەگوێرەی یاسای دوبلین، دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ ئیتالیا.
دەستەڵاتدارانی ئیتالی تێدەکۆشن بۆ گونجاندنی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران، کە دەگەنە وڵاتەکەیان، ئەمساڵ گەیشتە تۆماری زیاتر لە 96,816 پەنابەر.
حکومەتی سویسرا 10 ڕۆژ لەمەوپێش بڵاوەپێکردنی زیاتر لە 500 کارمەندی سەربازی پەسەندکرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارەی زۆری کۆچبەران و پەناخوازان، کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، بەرپرسانیش مەزەندەی ئەوە دەکەن لەسەرەتای ساڵەوە 17 هەزار کۆچبەر گەیشتبێتە وڵاتەکەیان.