لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا، پۆڵەندا لەوە دەترسێت کە ڕوسیا بتوانێت کارتی کالینینگراد لە دڵی ئەوروپادا وەک فشار بەکار بهێنێت، ئەوەش بۆ ئاسانکاری تێپەڕبوونی کۆچبەران بۆ ئەوروپا.
دەروازەی ڕوسی کالینینگراد، پارێزگایەکی ئیداریی ڕوسیایە کە دەکەوێتە کیشوەری ئەوروپا، سنووری خاکی نییە و لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنوورە لەگەڵ لیتوانیا و، لە ڕۆژاوا لەگەڵ دەریای بالتیک و لە باشوورەوە بەرەو پۆڵەندا دەڕوانێت، کالینینگراد ناوچەیەکی گرینگە بۆ ڕوسیا لەڕووی سەربازی و جوگرافی و سیاسییەوە.
سیاسەتی کردنەوەی ئاسمانی
لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، ڕوسیا کردنەوەی فڕۆکەخانەی کالینینگرادی بۆ هێڵی ئاسمانی بیانی وەک بەشێک لە سیاسەتی کرانەوەی ئاسمانی ڕاگەیاند، بەڵام بڕیارەکە دەستەڵاتدارانی لە پۆڵەندا ئاگادارکردەوە، مۆسکۆ بەدوای بەکارهێنانی پەناگەی ستراتیژییەوەیە بۆ ئاسانکردنی تێپەڕبوونی کۆچبەران لە ئاسیا و ئەفریقاوە بۆ یەکێتی ئەوروپا، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا وارشۆ بە دروستکردنی دیوارێک بە بەرزی زیاتر لە دوو مەتر لە سنووری خۆی لەگەڵ ڕوسیا لە کالینینگراد دەست پێکرد، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی ناوچەکە.
ڕێگای کالینینگراد
بە وتەی دەستەڵاتدارانی پۆڵەندی، لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو هیچ پەڕینەوەیەکی ڕاستەوخۆی نایاسایی کۆچبەران لە ڕێگەی کالینینگرادەوە ڕووینەدا، بەڵام لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بۆ بێژەری گشتی ئەڵمانیا کار دەکەن SWR ئاشکرای کرد، کە قاچاخچییەکان یارمەتی کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان داوە بۆ بەدەستهێنانی ڤیزای ڕوسی، تا بتوانن بگەنە ئەو خاکە بچوکانەی ڕوسیا و لەوێشەوە بگەنە ئەوروپا.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ (SWR)ی پشتڕاستکردەوە، کە کۆچبەران بەردەوامن لە بیلارۆس بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەوروپا.
ڕێگایەکی ترسناک
لەساڵی ڕابردووەوە، ئەو کۆچبەرانەی کە لە بیلاروسیا دەپەڕنەوە بۆ ناو یەکێتی ئەوروپا، بەگوێرەی ڕێکخراوی کۆچبەری نێودەوڵەتی (IOM) و ئاژانسی کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەلایەنی کەمەوە 21 کۆچبەر لەو رێگەیەوە گیانیان لەدەستداوە.
سەرەڕای ئەوەش، بەربەستی پۆڵا و تەلی دڕکاوی هەڵواسراو لەلایەن دراوسێ ئەوروپییەکانی بیلاروسەوە بە درێژایی سنوورەکانیان، بە بەردەوامی دەبێتە هۆی برینداربوونی سەختی کۆچبەران.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی بێژەری ئەڵمانی SWR قاچاخچییەکان کۆچبەران لە کوردستانی عێراق دڵنیا دەکەنەوە و پێیان دەڵێن بلیتێک بۆ ئەوروپا لەڕێگەی ڕوسیاوە تەنیا 2500 دۆلاریان تێدەچێت، قاچاخچییەکە بە ڕادیۆی ئەڵمانی گوت: “ئەگەر کاغەزەکانت لەوێ بن، ئەوا 10 ڕۆژ دەخایەنێت بۆ ئەوەی لە مۆسکۆوە بڕۆیت بۆ ئەڵمانیا” ئەو گوتی ڕێگاکە لە ڕێگەی کالینینگرادەوە گرانتر بوو، نزیکەی 14500 دۆلار.