بەگوێرەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران IOM، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا پاسەوانانی کەناراوەکان نزیکەی 1088 کۆچبەریان گرتووە و دیپۆرتیان کردوونەتەوە.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران، ڕایگەیاند لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا 1088 کۆچبەر ڕێگرییان لێکراوە و گەڕێندراونەتەوە لیبیا.
ڕێکخراوی کۆچبەرانی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ: لە 25ی کانوونی یەکەمی 2022 بۆ 31ی کانوونی یەکەمی 2022، 1088 کۆچبەر ڕێگرییان لێکراوە و گەڕێندراونەتەوە لیبیا، کە لە نێویاندا چەندین ژن و منداڵ هەبوون.
لەساڵی 2022 کۆی گشتی 24 هەزار و 684 کۆچبەر ڕێگرییان لێکراوە و گەڕێندراونەتەوە لیبیا، ڕێکخراوەکە ئاشکرایکردووە، کە 525 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە.
بەهۆی نائارامی و ئاژاوەوە لەوڵاتدا لەدوای ڕووخانی ڕژێمی موعەممەر قەزافی لەساڵی 2011ەوە، چەندین کۆچبەر کە زۆربەیان ئەفریقین رێی لیبیا و دەریای ناوەڕاستیان هەڵبژاردووە تا بەرەو کەنارەکانی ئەوروپا بپەڕنەوە.
جێی باسە، بەزۆری کۆچبەرە ئەفەریقییەکان لە ناوەندە قەرەباڵغەکان دادەنرێن، ئەوەش سەرەڕای دووبارەکردنەوەی داوا نێودەوڵەتییەکان بۆ داخستنی ئەو سەنتەرانە لە لیبیا، چونکە ئازادکردنی کۆچبەران ئەستەمە و ئەشکەنجە دەدرێن و ئیستغلال دەکرێن.