ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بۆ دووەمینجار لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، بەڕێوەبەری بڵاوکراوەی ماف و ماڵی رێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانی بەمەبەستی لێپرسینەوە بانگکردووە.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، جەبار تەهماسبی، بەڕێوەبەری بڵاوکراوەی ماف و بەڕێوەبەری ماڵی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوبراو، پێشتر لە ڕۆژی چوارشەممە ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لەلایەن ناوەندەکانەوە بانگکرابوو.
شیاوی ئاماژە پێدانە، هاوکات لەگەڵ بانگکردنی ئەم چالاکوانەی بواری ڕاگەیاندن لە مانگی سەرماوەز، هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بڵاوکراوەکەشی (ماف)، لەلایەن “جێگری ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کولتوور و ئیرشادی ئیسلامی ئێرانەوە ڕاگەیەندراوە.
هەر لەم ڕاستایەدا، حەمید نیکخا، خەڵکی مەریوان و دیزاینەر و گرافیستی بڵاوکراوەی ماف، لە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، دەستگیرکرابوو و بۆ گرتووخانەی فشافویە گوازرابووەوە و، دوای ١٤ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
جێی باسە، بڵاوکراوەی ماف، ئۆرگانی دامەزراوەی یاسایی خوێندکارانی ماف بووە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ یەکەمجار لە مانگی خەرمانانی ٢٧١٨ بڵاو کرایەوە، لەوکاتەوە بابەتگەلێکی لە چەشنی “مافەکانی ژنان” و “مافی کەمینەکان”ی تێیدا بڵاودەکرایەوە.