دەزگا ئەمنییەکان کەسێکیان دەستگیرکردووە کە ئاوارەیەکی عەرەبی لەناو بینایەکدا کوشتووە و هەڵاتووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بارودۆخی تاوانەکە لەلایەن تیمی پەیوەندیدارەوە دوای 35 ساڵ ئاشکراکراوە.
وتەبێژی ئاسایشی گشتی ئوردون دەڵێ، کە یەکێ لە تیمەکانی لێکۆڵینەوەی تاوان، کە ئەرکی دووبارە کردنەوەی فایلی کەیسی نەناسراوی هەیە، توانی لێکۆڵینەوەکە تەواو بکات، کە لەساڵی 1987 ئەو تاوانە ئەنجام دراوە و، بکەری تاوانەکە نادیار بوو.
لەوردەکارییەکانی کەیسەکەدا لەساڵی 1987، تەرمی هاوڵاتیەکی ئاوارەی عەرەب دۆزرایەوە، کە دوای برینداربوونی بە دوو فیشەک، لە شوێنی کارەکەی وەک پاسەوانی بینایەک لە باکووری عەممانی پایتەختدا دۆزراوەتەوە و، ناسنامەی بکوژەکەی لەوکاتەدا نەناسراوە و، کەیسەکەی لەدۆسیەی نادیاردا لەژێر لێکۆڵینەوەدا ماوەتەوە.
گوتەبێژی ڕاگەیاندن جەختیکردەوە کە تیمەکانی لێکۆڵینەوە لەبەشی لێکۆڵینەوەی تاوانەکان، کە پێکهێنراون بۆ بەدواداچوونی سەرجەمی دۆسیە نادیارەکان، بەتایبەتی سەبارەت بەدۆسیەکانی کوشتن، دۆسیەی ئەم کەیسەیان کردەوە و هەوڵی بەردەوام و کۆکردنەوەی زانیاریان داوە، تا دواتر گومانیان بۆ کەسێک چووە کە لە هەمان بینادا کاری کردووە.
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەدا کە گومانلێکراوەکە گەڕانی بۆ کراوە و دەستگیرکراوە و، بەفراوانکردنی لێکۆڵینەوەکە لەگەڵیدا، دانی بە ئەنجامدانی تاوانەکە ناوە، کە پێش 35 ساڵ لەو بینایەدا کاری کردووە و، شەوانە ڕۆیشتووە بۆ دزینی کەلوپەل و کەرەستە بیناسازییەکان و، لەکاتی دزیدا، کەسی کوژراو رێگری لێکردووە، بەڵام ئەو تەقەی لێکردووە و، بە برینداری بەجێی هێشتووە.